لەئێستا بەهۆی زۆری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هەموو کەسێک ئازادە لە بڵاوکردنەوە و بەشکردنی زانیارییەکان، جا ڕاست بن یاخود هەڵە، یەکێک لە باوترین دەنگۆکان ئەوەیە کە “هیچ فڕۆکە و باڵندەیەک ناتوانێت بەسەر کەعبەی پیرۆزدا بفڕێت چونکە چەقى زەوییە و هێزی موگناتیسی هەیە.”

 

بەپێى ڕاپۆرتێکى بنکۆڵکارى ئاژانسى (فرانس پرێس)ى فەڕەنسا، ئەو بۆچوونکە کە هەزاران جار بڵاو و شەیر کراوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان جگە لە دروستکردنى خەیاڵ هیچ ڕاستیەکى زانستى نییە.

 

هەر بەپێی ئاژانسە فەڕەنسیەکە، ئەوانە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە کەعبە چەقى زەوییە و ڕووبەڕێکە دەکەوێتە ناوچەیەکەوە هیچ لاربوونەوەیەکى لەتەوەرى زەویدا  تێدا نییە بۆیە بووەتە چەقى هێزى ڕاکێشانى زەوى.

60375a7ef98dcf6a01d69fcf59c4dfd5.jpeg

ئەو کەسانە دەشڵێن، ئەستەمە هەموو باڵندە و فڕۆکەیەک بتوانێت لەو ناوچەیە بفڕێت بەهۆى ئەوەى هێزى ڕاکێشانى موگناتسیى تێدایە و یەکەمین خاڵى خۆرهەڵهاتنە و هەروەها چەقى یەکگرتنى تێشکدەرە گەردوونیەکانە.

 

هەر بەپێی ڕاپۆرتەکە، لە قورئانی پیرۆزدا هیچ جۆرە ئاماژەیەک بەوە نەکراوە کە کەعبە هیچ تایبەتمەندیەکى فیزیکى هەبێت وەک ئەوەى بانگەشەى بۆ دەکرێت.

 

هەر بەپێى ئەو ئاژانسە فەڕەنسییەکە، لەڕووى زانستیەوە ئەو تایبەتمەندیانە هیچ بنەمایەکیان نییە، بەڵکو هێزى ڕاکێشانى زەوى و بوارى موگناتیسى زەوى تێکەڵکراوە و ئەوەش دوو کارى لەیەکتر جیاوازن، ڕاکێشان هێزێکە تەن کۆدەکاتەوە وەکو چۆن زەوى هێزى ڕاکێشانى هەیە بەسەر بوونەوەرەکانیەوە، بەڵام بوارى موگناتیسى تەنها لەو تەنانەدا هەیە کە هێزى موگناتیسیان تێدایە.

me_ga.php?id=4194

لەو بارەیەوە، فنسان لۆسۆر، بەرپرسى ڕوانگەى موگناتیسى لە پەیمانگاى فیزیاى پاریس ڕایگەیاندووە، ڕاکێشان هێزێکە تەنێک بۆ تەنێکى ترى دەکات، بۆئەوەى کەعبە بتوانێت ببێتە چەقى ڕاکێشان دەبێت تەنێکى زۆر زەبەلاحی هەبێت، وەک دەشزانرێت تەنەکەى لەچاو تەنى زەوى هەر شایەنى باس کردنیش نییە.

 

لاى خۆشیەوە ژوولیان ئۆپیر، توێژەر لە ناوەندى زانستیی فەڕەنسا ڕایگەیاندووە، ئەوە دروستە زەوى دەرفەتى بوارى موگناتیسى تێدایە بەڵام چەقەکەى ناوکى زەوییە.

 

ئاماژەى بۆ ئەوەش کردووە، ناوکى زەویش دەوڵەمەندە بە کانزا تواوەکان کە دەبنە هۆى تەزووى کارەباى و بەوەش بوارى موگناتیسى دەخوڵقێنن.

 

بەڵام ئەى بۆچی فڕۆکە بەسەر کەعبەدا نافڕێت؟

فرانس پرێس ئاشکرای کردووە، دەسەڵاتدارانى سعودییە هەموو جۆرە فڕینێکیان بەسەر ئاسمانى مەککەوە قەدەغە کردووە، بەڵام ئەو ڕێوشوێنانە پەیوەست نین بەو هۆکارانەى کە باسکران بەڵکو ئەوە وەکو ڕێزلێنانێکە بۆ ئەو شارە پیرۆزە و هەروەها بێزارنەبوونى حاجیان و عەمرەکاران.

 

فرانس پرێس ئەوەشى ئاشکرا کردووە، ئەو قەدەغەکردنە هەندێ هەڵاوێردى تێدا کراوە، بەتایبەت ڕێگە دراوە بەفڕۆکە فریاگوزارەکان وەک ئەوەى ساڵى 2016 ڕوویدا لەڕووداوى کەوتنە دیوارى حاجیەکان کە گیان لەدەستدانى 76 حاجى لێکەوتەوە.

 

ئەو ئاژانسە فەڕەنسیە دەشڵێت، مەککە تەنها شوێن نییە کە قەدەغەى فڕینى تێدا کرابێت بەڵکو چەندین ناوچەى تر هەن کە قەدەغەى فڕین لەئاسمانەکانیدا خراوەتە سەر ئەوەش بەهۆى جیاجیا وەکو بوونى کڵاوەى ئەتۆمى لەناوچەکە.