دوای ئەوەی کە شەوی رابردوو کچێکی 21 ساڵ بەهۆی نەخۆشییەکی درێژخایەنەوە لە دهۆک خۆی کوشت، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دایکی ئەو کچە رۆشتبووە گۆڕستان و ماوەی 10 کاژێر دیار نەمابوو، دواتر کەسوکارەکەی بە یارمەتیی پۆلیس لە رۆژئاوای دهۆک دۆزرایەوە.
هێمن سلێمان، وتەبێژی پۆلیسی دهۆکرایگەیاند، “دوای ئەوەی شەوی رابردوو کچێک بە ناوی ئادار وەلید خۆی کوشت، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دایکی کچەکە ماڵەوە بەجێدەهێڵێت و دوای گەڕان و بەدواداچوونمان لە بێسرێ دۆزیمانەوە”.
بەهار محەممەد فاتیح ناوی دایکی کچەکەیە کە نزیکەی هەشت کیلۆمەتر بە پێ دوور کەوتووەتەوە بەرەو گۆڕستانی گوندی بوتیا.
پێشتر وەلید تەیار، باوکی ئەو کچەی کە خۆی کوشت رایگەیاند، کچەکەیان نەخۆشییەکی دەگمەنی هەبووە و نزیکەی 15 جار نەشتەرگەریی بۆ کرابوو، دوایین نەشتەرگەری مانگێک پێش ئێستا بووە.