هانا جاف، كە بە بنەچە کورد، دوای 18 مانگ لە هاوسەرگیری، لە هاری کورزۆن، ئەندامی بنەماڵەی شاهانەی بەریتانیا جیابووەوە.
هانا جاف و هاری رۆپەر کورزۆن کە بە “هاری و میگان”ـی نوێی بەریتانیا دەناسران، دوای 18 مانگ لە هاوسەرگیری جیابوونەوە. کەسێکی نزیک لە دوو کەسایەتییەکە بە دەیلی مەیڵی راگەیاندووە “کێشە و گرفتی زۆریان لەنێواندا هەبوو، هانا و هاری هەر قسەیان لەگەڵ یەکدی نەدەکرد و ئێستاش لەیەک جیابوونەتەوە.”
ئەو کەسە نزیکەی خێزانەکە دەڵێت “هیچ دەرفەتێکی ئاشتبوونەوە لەنێوانیاندا نەماوە، نێوانیشیان تێکچوو دوای ئەوەی هاری سەردانی خێزانی هانای کردووە لە مەکسیک. گوتوویەتی “کە دەبوو زووتر یەکدییان ناسیبایە”، بەڵام ئاماژە بە کرۆکی کێشەی نێوان دوو هاوسەرەکە نەکراوە، کەسە نزیکەکەیان دەشڵێت، خۆشبەختانە دوو هاوسەرەکە “هیچ منداڵێکیان نەبووە.”
هاری کوڕی پەیکەرتاشی نێوداری بەریتانی، لۆرد تینهام و هەروەها میراتگری پارکی پیلوێلییە کە رووبەرەکەی 607 هێکتارە لە هامشایەر. هاری ئامۆزای شاژنی یۆرکە.
هاری و هانا لە ئەیلوولی 2019 لە رێگەی کچە شاهانە مارتا ستیوێل یەکدییان ناسی، دوای دوو مانگ کوڕە شاهانەکە لە بەرزاییەکانی گستاد لە سویسڕا داوای هاوسەرگیری لە هانا کرد، لە شوباتی 2020 هانا و هاری هاوسەرگیریان کرد.
سەرەڕای ناوبانگیان، هاری و هانا لە چێڵسی هۆڵ تاون لە رۆژئاوای لەندەن بە نهێنی زەماوەندیان کرد، شارلۆت گریفیزی رۆژنامەڤان دەڵێت “لەوانەیە پەلەیان لە هاوسەرگیرییەکە کردبێت بۆ ئەوەی خەڵک دەست لەکاروباریان وەرنەدەن و زۆر پرسیاریان لێنەکرێت.”
هانا جافی تەمەن 34 ساڵ لە باوکێکی کورد و دایکێکی مەکسیکی لە شاری سان دیێۆگۆ لە کالیفۆرنیای ئەمریکا لەدایکبووە، خاوەنی هاووڵاتینامەی ئەمریکی-مەکسیکی-کوردییە، ئەستێرەیەکی ناسراوی بەرنامەی Made In Mexicoیە لەسەر نێتفلیکس، ماوەیەک جێگری بەرپرسی كۆچبەرانی پارتی فەرمانڕەوای مەکسیک بوو. هاناجاف “دەزگای جاف”ی بۆ کاری خێرخوازی دامەزراندووە.
هانا جاف لە 2013ـەوە لانیکەم دوو جار سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە و رۆڵێکی بەرچاوی لە گەیاندنی مەینەتی ئاوارە و پەنابەران بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەبووە، هانا جاف لە تێد ئێکس کوردستان و لە سیمینارێک لە زانکۆی کوردستان لە ساڵی 2013 چیرۆکی سەرکەوتنی خۆی بۆ گەنجانی کورد باسکرد.
باوكی هانا جاف، (سەریاس جاف) لەدایكبووی شارۆچكەی كەلارە لە باشووری كوردستان و دایكی (لیلیا گۆنزالێس) مەكسیكییە. هانا یەكێكە لە سەركەوتووترین ئەو لاوانەی كە لە دەرەوەی كوردستان دەژین. لە هەردوو زانكۆی هارڤارد و كۆڵۆمبیا لە ولایەتە یەكگرتووەكان خوێندوویەتی.
ئەم زانیارییانەش لەبارەی هانا جاف بزانە:
– لەبنەماڵەی بەگزادەكانی جافە و كچی سەریاس داود بەگی فەتاح بەگی محەممەد پاشای جافە
– بەپێی هەندێک سەرچاوەی مێژوویی محەممەد پاشای جاف كە دەكاتە باپیرە گەورەی هانا، بونیادنەری قەڵای شێروانەیە لە كەلار
– باپیری هانا (داودبەگی جاف) لەساڵی 1935ـەوە هەتا ساڵی 1958 وەك نوێنەری كەركووك و گەرمیان، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بووە