بەم دواییانە نەشتەرگەری بڕین و بچووککردنی گەدە ڕووی لە زیادبوون کردووە بەهۆی ئەوەی کەسانێکی زۆر کە بەدەست کێشی زیادەوە دەناڵێنن دوای هەوڵدانی جۆراوجۆر لە کێش دابەزاندن سەرکەوتوو نەبوون، هەندێکیشیان تەنها لەبەر توانجی خەڵک ئەنجامیانداوە.

لەم نەشتەرگەریەدا، كه‌ پێی ده‌ڵێن “Gastric Sleeve”، بەشێک لە گەدە بە ڕێژەی ٨٠٪ دەبڕدرێت و قەبارەکەی بچوك دەکرێتەوە. بچوکردنەوەی گەدە ڕێژەی ئەو خواردنە دیاری دەکات کە کەسێک دەتوانێت بیخوات.

ئەم نەشتەرگەرییە دەبێتە هۆی گۆڕانکاری هۆڕمۆنی کە بۆ لەدەستدانی کێش یارمەتیدەرە. ئەم نەشتەرگەرییە یەکێکە لەو نەشتەرگەریانەی ئامانجی کەم کردنەوەی کێشە و بە نەشتەرگەری قەڵەوی دەناسرێت.

بەپێی وتەی پسپۆران، کێشی زیادە هۆکاری زۆری هەیە کە هۆکاری ژینگەیی، بۆماوەیی، هۆڕمۆن، کارکردن، خوێندن، چواردەوری کۆمەڵایەتی دەگرێتەوە و هەریەکەیان دەبنە هۆکارێکی سەربەخۆ بۆ زیادخۆری.

لەگەڵ ئەوەی چەندین توێژینەوە هەیە دەیسەلمێنن کێشی زیادە پەیوەندی بە لاوازی ئیرادە و هەڵبژاردن نییە، بەڵام وێنایەکی نەرێنی و شەرمەزارکەرانە لەلایەن کۆمەڵگاوە دروستکراوە بەرامبەر ئەو کەسانەی بەهۆی کێشی زیادەوە دەناڵێنن.

لەلایەکی دیکەوە فشاری خێزانی و میدیایی و تەنانەت پزیشکیش هەن، کە وادەکەن ئەو کەسانە هەست بە شەرمەزاری و خۆبەکەم زانین بکەن، ئەمەش دەبێتە  هۆی زیادخۆری و کێش زیادکردن.

جگە لەوەش، دەکرێت کێشی زیادە پەیوەندی هەبێت بە کێشەی تەندروستی وەک نەخۆشی شەکرە و بەرزبونەوەی پەستانی خوێن و نەخۆشییەکانی دڵ و بۆری خوێن.

لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا مەرج نییە هەر کەسێک کێشی زیادی هەبێت نەخۆش بێت یاخود تووشی نەخۆشی بێت و کەسێکی خاوەن کێشی ئاسایی هەمیشە بە لەشساغی بمێنێتەوە.

زۆر لەو کەسانەی بڕیاری ئەنجامدانی ئەم نەشتەرگەریە دەدەن دەڵێن بە هۆی ڕاوبۆچونی دەوروبەریان و چۆنیەتی بیرکردنەوەیان ئەو کارە دەکەن، هەمان ئەو کەسانە دەڵێن بۆ ئاسوودەی خۆیان هەوڵی دابەزاندنی کێشیان داوە بێ گرنگیدان دەوروبەر.

زۆربەی زۆریان خەڵک بە دڵڕەق ناودەبەن و دەڵێن کە ئەو نەشتەرگەریەیان کردووە لەبەر نەهێشتنی سەیرکردن و توانجی خەڵك بووە نەك کێشی زیادەی لەشیان.

دوای لەدەستدانی کێشێکی زۆر و گۆڕانکارییەکی گەورە لە جەستەیاندا، زۆربەیان دەڵێن کە لەگەڵ ئەوەی ئێستا هەست بە جوانتر و تەندروستر دەکەن بەڵام لەهەمان کاتدا هەست بە نامۆیی دەکەن  و هەستێکی سەیریان بۆ دروست بووە.

زۆربەیان تووشی خەمۆکییەکی زۆر دەبن و ناچاردەبن چارەسەری چڕ وەربگرن و دان بەوەدا دەنێن ئەگەر کات بگەڕێتەوە هەمان نەشتەرگەرییان ئەنجام نەدەدا.

 

سەرچاوە: مایك