لەئاكامی كەوتنەوەی ئاگرێكی فراوان لە سنوری گوندی ( باهیزاوا )ی سەر بە ناحیەی گاپیڵۆن لە ناوچەی شارباژێر لە سلێمانی، لانی كەم 40 سەر مانگاو هەزارو جوچكەو 80 دۆنم پوش سووتان.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بڵاویكردووەتەوە:” بەهۆكارێكی نادیار لە سنوری گوندی ( باهیزاوا )ی سەر بەناحیەی گاپیڵۆن ئاگرێكی فراوان كەوتەوە، مەفرەزەیەكی بنكەی پۆلیسی دارستانی گاپیڵۆن گەیشتنە شوێنی ئاگرەكە و بە هاوكاری و هەماهەنگی بەشی پۆلیسی دارستانی شارباژێڕ و ئاگركوژێنەوەی قەزای ماوەت و چوارتا و دانیشوانی سنورەكە دوای هەوڵ و ماندوونێكی زۆر توانیان ئاگرەكە كۆنتڕۆڵ بكەن .”

ئەوەش خراوەتەڕوو:” زیانی ئاگرەكە مەزەندە دەكرێت بە سوتانی نزیكەی ( ٨٠ ) دۆنم پوش و پاوان ، هەروەها ( ١٠ ) سەر مانگای هاووڵاتیان لەناوچوون و ( ٣٠ ) مانگای تریش بەهۆی ئاگرەكەوە سوتان و بریندار بوون ، ( ١٥٠٠ ) جوچكەی كێڵگەی پەلەوەر لەناوچوون . ”

لەبەشێكی راگەیەندراوەكەدا هاتووە، كارمەندانی پۆلیسی دارستان و ئاگركوژێنەوە، جگە لە كوژاندنەوەو كۆنتڕۆڵكردنی ئاگرەكە توانیان ڕێگری بكەن لە سوتان و لەناوچوونی زیاتر لە ( ٢٠٠ ) سەر مانگای هاووڵاتیان .