بەڕێوەبەری ناحیەی بیارەی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە رایگەیاند، ئەو گەنجەی سوپای پاسداران لە سنووری عێراق و ئێران دەستگیریان کرد ئازادکراوە.
ئەمڕۆ شەممە، 3ی تەمموزی 2021، حەمید بارام، ڕایگەیاند “ئەو گەنجە دانیشتووی هەڵەبجەیە و بۆ سەردان و گەشت هاتبوویە ناحیەی بیارە، ئێوارەی دوێنی هەینی لەلایەن سوپای پاسدارانەوە دەستگیرکراوە دوای ئەوەی سنووری بەزاندووە، بەڵام دوای کاژێرێک ئازادکراوە”.
بەرپرسی یەکەمی کارگێڕیی ناحییەکە، ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە کە لەبارەی ئەشکەنجەدانی ئەو گەنجەوە دەکرێن و گوتی، “هیچ ئازار و ئەشکەنجە نەدراوە”.
سەبارەت بەوەی هۆکاری دەستگیرکردنی ئەو گەنجە لەسەر سووکایەتیکردن بە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بووبێت، بەڕێوەبەری ناحییەی بیارە رەتیکردەوە و گوتی” شتی وا نییە”.
بیارە یەکێکە لە ناحیەکانی قەزای هەڵەبجە، لە باکوور لەگەڵ گوندی گەچێنە و لە باشوور لەگەڵ گوندی ھانەنەوتێ و لە رۆژھەڵات لەگەڵ گوندی دەگاشێخان و لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ گوندی هانەگەرمڵە هاوسنوورە. بیارە بەوە ناسراوە لە رێگەی جۆگەلەیەکەوە هەردوو وڵاتی ئێران و عێراق لە یەکدی جیادەکاتەوە.