مستەفا كازمی نامەی دەستلەكاركێشانەوەی وەزیری كارەبای عیراقی پەسەندكردو چەند بەرپرسێكی وەزارەتەكەشی بەهۆی كەمتەرخەمی لەكارەكانیان، سزادا.
میدیاكانی عیراق بڵاویانكردەوە، ئەمڕۆ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق، نامەی دەستلەكاركێشانەوەی ماجد حەنتوش وەزیری كارەبای پەسەند كردو بڕیاری سزادانی چەندین بەرپرسی دیكەی وەزارەتەكەشی دا بەهۆی كەمتەرخەمییان لە كارەكانیان كە بووەتە هۆی كەمبوونەوەی پێدانی كاتژمێرەكانی كارەبا بە هاووڵاتیان.
وەزیری كارەبای عیراق، رۆژی چوارشەممە نامەی دەستلەكاركێشانەوەی لە پۆستەكەی پێشكەشی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران كردبوو، ئەمەش دوای ئەو هەموو رەخنەیەی لێی گیرا بەهۆی كەمبوونەوەی پێدانی كارەبای نیشتمانی بە هاووڵاتیان.
نوسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بڵاویكردەوە، مستەفا كازمی لەكاردانەوەی خراپیبوونی رەوشی كارەبا، بڕیاریدا بەدوورخستنەوەی بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی كارەبا لە پۆستەكەی، هەروها سزای سەڕنجڕاكێشانیشی بۆ چەند بەرپرسێكی دیكەی وەزارەتەكە دەركرد، راسپاردەشی دەركردووە بۆ چاككردنەوەی هێڵەكانی گواستنەوەی تەزووی كارەبا، كە بەهۆی لەكاركەوتنیان، كارەبای چەندین شاری عیراق پچڕاوە.