بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، ئاماری ٦ مانگی لیژنەكانی پشكنینی گەشتوگوزاری سلێمانی بڵاوكردەوە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، لە ماوەی ٦ مانگی ڕابردووی ئەمساڵ، لیژنەكانی پشكنینی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی ( ٣٦٠٠ ) خاوەن مۆڵەتی گەشتیاریان لە شاری سلێمانی بەسەركردوەتەوە .

ئاشكراشیكرد، لەو سەردانە ئەنجامدراوانەی هاوكات بووە لە گەڵ تەواوی ڕۆژەكانی هەفتە، لیژنەكان ١٢٦ شوێنی جیاوازیان داخستووە و پسوڵەی سەرپێچیان بۆ ٢١٣ خاوەنكار تۆماركردووە.

ڕوونیشیكردەوە، وەك لە ئاماری ٦ مانگی پێشووی لیژنەكان ڕوونكراوەتەوە، ٤١٢ خاوەن مۆڵەت هیچ كەموكوڕیەكیان لە بەردەوامی كارەكانیان ئەنجامنەداوە، هەروەك ٩١٤ ئاگاداری پێشكەشكراوە بە مەبەستەكانی (تازەكردنەوە، دەرهێنانی مۆڵەت، بەرگری شارستانی، كۆبوونەوە) كە سەرجەمیان لەپێناو جێبەجێكردنی باشتری مەرج و ڕێنمایەكان بووە.

جێی وەبیرهێنانەوەیە زیاتر لە ١٤٠٠ خاوەن مۆڵەتی گەشتیاری، لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی تۆماركراوە و ئەركی پشكنین و چاودێریان لە ئەستۆی لیژنەكانە.