نوسینگەی ڕێكخەر بۆ ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حكومەتی هەرێم، لەبارەی نیگەرانی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان لەبارەی دۆسێ سزادراوانی بادینان، دەڵێت:” دادگاكان سەربەخۆن و حوكمەتیش دەست لە پرۆسە یاساییەكان وەرنادات، بۆیە داوا دەكەین ڕێز لە بڕیارەكانی دادگا بگرن”.
نوسینگەی ڕێكخەر بۆ ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان لەرونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوەكردوە، لە 16 ی شوباتی 2021 دا دادگای تاوانی هەولێر سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەر پێنج تۆمەتباردا سەپاند. دوای ئەوەی پەڕاوی دادگا ڕەوانە كرا بۆ تێهەڵچونەوە، دادگای پێداچونەوەی هەولێر بڕیارەكەی دادگای تاوانی لە 6 ی ئایاردا پەسەند كرد. لە 27 ی حوزەیراندا،”دوای بڕینی گشت فلتەری دامەزراوە یاساییەكان”، بڕیارەكە پەسەندكرا.
ئاماژە بەوەشكراوە: “حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو بەهایانەی گرتوەتەوە باوەش كە پێویستن بۆ بەرجەستەكردنی وڵاتی دامەزراوەیی، كۆمەڵگەیەكی مەدەنی هاوچەرخ، و پشت دەبەستێت بە ستراتیژی پتەو بۆ داڕشتنی یاسا و ڕێسا بەشێوەیەك كە لەبەرژەوەندی ئازادییە تاكەكەسییەكان بێت. هەروەها دادگاكان سەربەخۆن و حوكمەتیش دەست لە پرۆسە یاساییەكان وەرنادات. داوا لە قەوارە بیانی و ناوخۆیبەكان دەكەین ڕێز لە بڕیارەكانی دادگا بگرن”، جەختیش دەكاتەوە لەوەی “دەستبەسەركردن و دەستگیركردن تەنیا بە بڕیاری دادگا جێبەجێدەكرێن”.
لەراگەیەنراوەكەدا باس لەوەشكراوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان میدیای ئازاد بە كۆڵەگەیەكی گرنگی حوكمڕانی و توخمێكی بنەڕەتی دیموكراسی دەزانێت:” ئێمە شانازی دەكەین كە كوردستان میدیای ئازاد و بێ بەندوباوی هەیە، و نمونەی بەرجەستەكردنی بەهاكانی ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی ڕاگەیاندنە لە ناوچەكە و هەمیشە پێویستی هەیە بۆ بەرەوپێشبردنی دۆخەكە. هەروەها حوكمەتی هەرێم داوای لە نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ هاریكاری عێراق (یۆنامی) و نوسینگەی تایبەتی كۆمیسیاری نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ مافەكانی مرۆڤ كردوە تا هاوكار بن لە بەرەوپێشبردنی سیستەمی یاسایی. هاوكات، ئێستا هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی بیانی هەیە بۆ ڕاهێنان بە دادوەران.”
نوسینگەی ڕێكخەر بۆ ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان باس لەو هەنگاوانەش دەكات بۆ دڵنیابونەوە لەدۆخی زیندانییەكان گیراونەتەبەر لەوانەش حوكمەتی هەرێم ڕێككەوتنی لەگەڵ كۆمیتەی خاچی سوردا هەیە و بە گوێرەی ڕێككەوتنەكە لایەنی ناوبراو بۆی هەیە بێ مۆڵەت سەردانی تەواوی زیندانی و سەنتەری چاكسازییەكان بكات لە هەرێم. هەروەها یۆنامییش مۆڵەتی سەردانی پێدراوە. لە ژێر ڕۆشنایی ئەم ڕێككەوتنە، یۆنامی 14 سەردانی ئەنجامداوە و چاوپێكەوتنی لەگەڵ 60 زیندانی ئەنجامداوە.
حكومەتی هەرێم وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا بانگهێشت دەكات بۆ بەرەوپێشبردنی چاكسازیی یاسایی و دادوەرییەكان لە هەرێم. دەشڵێت، دامودەزگاكان سەبارەت بە پرسی ئازادییەكان لەگەڵ ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و سەندیكای ڕۆژنامەنوسان لە گفتوگۆ دان.
نوسینگەی ڕێكخەر بۆ ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان ئەوەشی خستوەتەڕو:” حكومەتی هەرێمی كوردستان تەواو پابەندە بە حوكمی یاسا و بە پرۆسەی یاسایی دادپەروەرانە و بێلایەن، و ئازادی ڕاگەیاندن كاری لەپێشینەیەتی. حكومەت لەگەڵ هاوتا نێودەوڵەتییەكان كاردەكات بۆ دڵنیابون لەوەی كە كوردستان بەتەواوی پابەنده بە پێوەرە نێودەوڵەتیەكانی مافی مرۆڤ، بە تایبەتی لە بواری ئازادی میدیادا”.