دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان، بە نووسراوی فەرمی داوای لە خاوەنی پرۆژەی یەكەكانی نیشتەجێبوون كردووە كارئاسانی بكەن لە گەڕاندنەوەی ئەو قیستانەی كە لە سەرشانی هاووڵاتییانی بەشداربووی شوقە و یەكەكانی نیشتەجێبونە له ‌هەرێمی كوردستان.

د. محەمەد شوكری، سەرۆكی دەستەی گشتیی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی راگەیاندووە: “تا ئێستا بە دوو نووسراوی فەرمی خاوەن پرۆژەی یەكەكانی نیشتەجێبونمان ئاگادار كردووەتەوە لە وەرگرتنەوەی قیستی هاوبەشانی پرۆژەكانی یەكەی نیشتەجێبون، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لەبەرچاو بگرن و، نرخەكان به ‌شێویەك بێت كە باری داراییی هاووڵاتییان لەبەرچاو بگیرێت و، به ‌دیاریكراوی داوامان كردووە هەر 100 دۆلارێك بەرانبەر به ‌130 هەزار دینار دیاری بكرێت و ئەو زیادەیەشی دەمێنێتەوە، بخرێتە سەر قیستەكانی دواتر خۆشبەختانە هەندێك لە خاوەنی پرۆژەكان به ‌داوكەی ئێمە ڕازی بون و هاوكار بوون”.

شوكری وتیشی: “لە هەوڵەكەنمان بەردەوام دەبین بۆ گەیشتن بە چارەسەری كۆتایی. بۆ ئەوەش كۆبوونەوەكانمان لەگەڵ یەكێتیی وەبەرهێنان بەردەوامە، ئەوەی تا ئێستا كراوە بە شێوەی داواكاری بووە، لە ئەگەری پابەندنەبوونی وەبەرهێنەران ناچارین لە داهاتوودا بیر لە میكانیزم و بڕیاری دیكە بكەینەوه،‌ بەڵام بابەتەكە هێشتا گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت، هیودارم بگەینە ئەنجامێك كه ‌له ‌بەرژەوەندیی هاووڵاتییان و بەشداربووانی ئەو یەكانە بێت.”

سەبارەت به ‌تەواونەبوونی خزمەتگوزاریی ناو بەشێك لە یەكەكانی نیشتەجێبوون، سەرۆكی دەستەی گشتیی وەبەرهێنانی هەرێم ڕوونیكردەوە: “خزمەتگوزاریی یەكەكانی نیشتەجێبوون ڕێكخستنیان بۆ كراوە و گرفتێكی ئەوتۆیان نەماوە، پێشتر بەهۆی قەیرانی دارییی و بڵاوبوونەوەی كۆرۆناوە، بەشێك لە خزمەتگوزاریی یەكەكانی نیشتەجێبون ڕاگیران، بەڵام دوای پێداچوونەوەمان سەرلەنوێ وەبەرهێنەران ئاگادار كرانەوە بەپێی ئەو گرێبەستەی كە لە پرۆژەكە هەیە ئیلتیزام بە تەواوكردنی ئەو خزمەتگوزارییانە بكات. ئێستا گرفتەكە چارەسەر كراوە و كێشەیەكی ئەوتۆی نەماوە”.