ئامانج ڕەحیم سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، ڕوونكردنەوەیەك لەسەر قەرزەكان بڵاو دەكاتەوە و ڕای دەگەیەنێت، ئەو قەرزەی لەسەر حكوومەت لە دانیشتنی پەرلەمان باس كرا، بریتی بوو لە ڕاستكردنەوەی مانگەكانی پێدانی مووچەی فەرمانبەران.
ئەمڕۆ چوارشەم 30ـی حوزەیران، ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران لە روونكردنەوەیەكیدا هاتووە، لەبارەی ئەو سێ ملیار و 159 ملیۆن دۆلارەی كە زیاد بووە لەسەر پابەندییە داراییەكانی حكوومەتی هەرێم و لە دانیشتنەكەی پەرلەمان خستمەڕوو، بە پێویستم زانی ڕوونكردنەوەی زیاتری لەسەر بدەم.
باسی لەوە كردووە، سەرۆك وەزیران لە پێنجی تشرینی یەكەمی 2020 لە بەردەم پەرلەمان رای گەیاند، حكوومەت 28 ملیار و 477 ملیۆن دۆلار پابەندی دارایی لە ئەستۆیە، لەپاش ئەو كاتەوە حكوومەت لە حەوتی تشرینی یەكەمی 2020 بڕیاری دا بە ڕاستكردنەوەی مانگەكانی پێدانی مووچە، بۆ ئەو مەبەستەش تەواوی مووچەی پێنج مانگی مووچەخۆران لە ساڵی 2020 كە بڕەكەی سێ ملیار و 159 ملیۆن دۆلارە، وەك مووچەی خەرجنەكراو خرایە سەر پابەندییە داراییەكانی هەرێمی كوردستان.
ئاشكرای كردووە، ئەو بڕە پارەیەی كە باس دەكرێ، قەرز نەكراوە كە هەرێم بەپێی دەستوور دەسەڵاتی وەرگرتنی قەرزی نییە، ئەمەش وایكرد پابەندیی دارایی حكوومەت لە 28 ملیار و477 ملیۆن دۆلارەوە ببێت بە 31 ملیار و 636 ملیۆن دۆلار.
باسی لەوەش كردووە، ئەركی ئێمە ڕاگەیاندنی راستییەكانە وەك خۆی بەدروستی بەپێی ئەو داتایانەی لە لایەن وەزارەتە پێوەندیدارەكان پێمان گەیشتووە، ئەوەی كە لە پەرلەمان رامان گەیاند، وەك ئەركی سەرشانمانە بۆ وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتاران، هەر تەفسیرێكی تر كە لە غیابی خۆم بۆ قسەكانمان بكرێت، دوورە لە ڕاستییەوە.
لە كۆتایی روونكردنەوەكەشی ئەوەیشی باس كرردووە، ئەو ژمارانە ڕەوانەی دیوانی چاودێری دارایی كراوە و حاڵی حازر لە ژێر وردبینی و پێداچوونەوەن، لەگەڵ تەواوبوونی پرۆسەی وردبینی، ئەنجامەكەی ڕەوانەی پەرلەمانی كوردستان دەكرێت.