بەڕێوەبەری کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، ئەو شەپۆلەی گەرما کە نزیکەی هەفتەیەکە ناوچەکەی گرتووەتەوە تا ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو بەردەوام دەبێت.
فازڵ ئیبراهیم، بەڕێوەبەری کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: “ئەمڕۆ و سبەی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما بەردەوام دەبێت و لە رۆژی هەینی تەنها یەک پلە دادەبەزێت، بەڵام هەست بەوە ناکرێت کە جیاوازی هەبێت لەگەڵ رۆژانی دیکە، رۆژی دووشەممەی داهاتوو کاریگەری شەپۆلی گەرما بەرەو لاوازی دەچێت و بە 2 پلە و نیو روو لە دابەزین دەکات، پلەی گەرما دەگەڕێتەوە تێکڕای ئاسایی خۆی، کە جیاوازی شوێنەکان بەرزترین پلەی گەرما لەنێوان 42 بۆ 44 پلە دەبێت”.
سەبارەت بەوەی کە دەگوترێت پلەی گەرما دەگاتە 60 پلەی سیلیزی، بەڕێوەبەری کەشناسی وتی: “لە رووی پێوانەی زانستییەوە ئەم زانیاریانە راست نین، چونکە دوێنێ یەکێک بوو لە رۆژە گەرمەکانی ساڵ بەرزترین پلەی گەرما لە ناوچەیەکی کوێت تۆمار کرا کە گەیشتە 52 پلە، بەپێی پێوەری کەشناسی جیهان پلەی گەرمای هەوا دەپێورێت نەک بەرکەوتنی تیشکی خۆر، بۆیە ئەوەی خەڵک دەڵێ پێوەری زانستی نییە، جیاوازی هەیە کەسێک گەرمی پێو لەسەر قیڕ دابنێت، بێگومان ئەوە گەرمترە، ئەوەی پێشبینی دەکرێت لە هەرێمی کوردستان هاوشێوەی ساڵانی رابردوو لە بەشی باشووری هەرێمی کوردستان سنووری خانەقین و گەرمیان بەرزترین پلەی گەرمی نزیک دەبێتەوە لە 50 پلە، بەڵام ناوچەکانی دیکە بە جیاوازی 44 تا 47 دەبێت”.
فازڵ ئیبراهیم، راشیگەیاند: “داوا لە هاووڵاتییان دەکەین بەتایبەتی منداڵ و بە ساڵاچووان لە کاتەکانی کاتژمێر 12ی نیوەڕۆ تا کاتژمێر 4، ئەگەر زۆر پێویست نەبێت نەچنە بەر تیشکی خۆر، هەروەها بۆ پاراستنی خۆیان رێنماییەکانی بەرگری شارستانی جێبەجێ بکەن”.