نوێنەرایەتی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق، نیگەرانی خۆی نیشاندا  لە بڕیارەكەی دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێر و دەڵێت سیستمی دادوەری هەرێم پێویستی بەچاكسازییەكی بەپەلەی دادوەری و دامەزراوەیی هەیە.

نوێنەرایەتی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق، لە تویتێكدا بە زمانەكانی كوردیی، عەرەبی، ئینگلیزی، هەڵوێستی خۆی لەبارەی بڕیاری كۆتایی لەبارەی شەش ساڵ زیندانیكردنی پێنج لە چالاكوان و رۆژنامەنوسانی بادینان نیشانداوە. لە تویتەكەدا هاتووە: بەداخەوە بڕیارەكەی دوێنێی دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێر دەرخەری ئەو راستییەیە كە ئەنجامدانی چاكسازیی دامودەزگاییانە لە سیستەمی دادوەری لەوپەڕی پێویستیدایە لە هەرێمی كوردستانی عێراقدا بۆ پێشگرتن لەم جۆرە بە چەوتی بڕیاردانە لە ئایندەدا.

ئەمەش لەكاتێكدایە دوێنێ دادگای تێهەڵچوونەوەی هەرێمی كوردستان، كۆتا بڕیاری لە بارەی جێبەجێكردنی شەش ساڵ زیندانیكردنی دەستگیركراوانی بادینانی پەسەندكرد و دۆسیەكەی داخست.