ڕێبین تەها
ئەو ڕوداوە نەخوازراوەی لە نێوان پێشمەرگەو هێزەكانی ئاسایش ڕویدا، پێویستە وەك مەترسییەكی جدی لێی بڕوانین و هەڵوەستەی لەسەر بكەین، هەڵوەستەیەك كە هەموو لایەنەكانی ڕودانی وەها کارێکی نەخوزراو، لە چوار چێوەی لۆژیک و یاسادا لەبەرچاو بگرێ ، پێش هەر شتێك پێویستە دان بەوەدا بنێین لەم وڵاتە هەرچی لە نێوان دوو لایەندا ڕوئەدات، سۆسیاڵ میدیای هەردوو لا دۆخێك دروست ئەكەن، کە هیچ بوارێك بۆ بیركردنەوەو بڕیاری ئەقڵانی ناهێڵنەوە ، یەكسەر ئەو لایەنەی كە سۆسیاڵ میدیاكەی پارەدارترە ڕای گشتی بە ئاڕاستەی تاوانباركردنی لایەنی بەرامبەر ئاڕاستە ئەكات ، كە لەم ڕوداوە كێشەی پێشمەرگەکانی جێگری سەرۆكی هەرێم و ئاسایشدا زۆر بەڕونی دەركەوت ، بۆچونی گشتی وای لێكرا كە تاوانبار كچەكەی شێخ جەعفەر و هێزەکەیەتی و ئاسایش بێ تاوانە لە ڕوداوەکەدا، لە ڕاستیدا پێش دادگا و یاسا و قسەی هەردوو لایەن و لێكۆلینەوە لە هەموو هۆكارەكانی دروستبونی ڕوداوەكە، كارەساتێكی گەورەیە لایەنێک تاوانبار بکرێ، بڕوام وایە کۆی ڕوداوەکە چەند لە ئەستۆی پێشمەرگەكانی شێخ جەعفەر و كچەكەی بێت ئەوەندەش لە ئەستۆی ئاسایشدایە ..
لە گەڵ ڕێزی زۆرم بۆ هێزە ئەمنیی و سەربازییەکانی ئەم وڵاتە و لە نێویشیاندا ئاسایش بەڵام ئەم هێزانەش بێ کەموکورتی نین، بۆ نمونە هێزەکانی ئاسایش بەهۆی نەبونی هێزی یاسا و دادپەروەری هێزێکە بێ لێپرسینەوە ئەتوانێ بازگە دابنێ و لە پاڵ ئیشی ئەمنیشدا خەڵك ئیهانە بكا، ئەتوانێ دەست درێژی بكاتە سەر ئەفسەری پێشمەرگە و پۆلیس و خەڵكی دیار و ناویشی بنێ سەروەربوونی یاسا ! ئەگەر ئەمانە بكات كێ لێی ئەپرسێتەوە؟
بۆیە پێویستە ئەو قسانەی كە ئەكرێت بۆ ئەوەی چەكداری حزب و شەخس نەمێنێ، قسەش لەسەر ئەوە بكرێ هێزی ئاسایشیش ببێتە ئەو هێزەی منێكی هاوڵاتی یان ئەفسەرێكی پێشمەرگە یا کەسێکی کۆمەڵایەتی یا ئەکادیمی یا ڕۆژنامەنوس و چالاکوانێک، کادری هێزێکی ئۆپۆزسیۆن لێی نەترسێ و گومان نەكات ، بە مەزاجی خۆیان ئەكرێ لە بازگەیەكدا نیو سەعات لە خۆڕا ڕابگیرێ و بێ بیانوویەکی مەعقولیش ئیهانە بكرێ..
من تا ئێستا نەمبیستوەو نەمبینیوە ئاسایشێك ، پۆلیسێك، پێشمەرگەیەك یا فەرمانبەرێکی تری دەوڵەت، ڕۆژێك لە ڕۆژان سزادرابن بەهۆی ئەوەی مامەڵەیەكی ناشارستانیان لەگەڵ هاوڵاتیەكدا كردووە، خۆ دڵنیایشین هێزە ئەمنی و عەسكەرییەكان و فەرمانبەرانی دەوڵەتی، بە حوكمی سەروەرنەبوونی یاسا و نەبوونی هۆشیاری ڕێزگرتن لە هاوڵاتی دەیان حاڵەتی شكاندنی كەرامەتی بەرامبەرو سوكایەتی پێكردنیان ئەنجامداوە..
حەقە بپرسین،
ڕێگرتن لە كچێك كە خۆی ئەناسێنێت كچی جێگری سەرۆكی هەرێمە ئەگەر ئیستیفزاز نەبێ چیە؟
چۆن ئەكرێ هێزەكانی ئێمە ئەوەندە هۆشیارییان نەبێ و تێ نەگەیەنرابن بازگەو مەفرەزەكان بۆ چەسپاندنی یاسایە نەك ڕێگرتن لە كەسایەتی دیاری كۆمەڵایەتی و سیاسی و عەسكەری و ئەكادیمی ؟
دروشمی هەڵبژاردنی ئێمە ئارامی بوو!
ئێ كە سێ ساڵ بەسەر هەڵبژاردنەكەدا تێپەڕیوە چۆنە تا ئێستا ئارامیمان نیە و مەفرەزەو بازگە لەناو شار دا ئەنێن و ئاستەنگ بۆ هاتوچۆی خەڵك دروست ئەكەین و کار ئەکاتە شەرە تەقە و بونی قوربانییەکی زۆریش ؟
_هیچ نا كەسێك پرسی ئەو ئەرکە ئەمنیە گرنگە چی بوو، وا بەو شەوە بازگەی بۆ دانرابوو؟ ئاخۆ چەند پەیوەندی بە ئەمنی قەومی و سلێمانیەوە هەبوو وا كێشەیەكی گەورەی لێ كەوتەوە؟ لە كۆتایدا پێویستە دور لە عاتیفە بگەین بەو دەر ئەنجامەی كەلە فەراغی سەروەربوونی یاسا لە سایەی حكومەتی هەرێمدا شیرازەی ئەمنی ئەم وڵاتە تێكچووە پێویستە لە پاڵ داواكردن بۆ نەهێشتنی هێزی شەخسی هێزە ئەمنیەكانیش ڕێكبخرێنەوە ، خول ببینن ، هۆشیاربكرێنەوە كەلە چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ بەرامبەرەكەیان بۆ ئەوەی حاڵەتی لەم شێوەیە دوبارە نەبێتەوە، ئەو دوكارەمان پێویستە ، نەك ناو زڕاندن و وێران كردنی هێزێك كە ئێستا یەكێكە لە باشترین هێزەكانی ئێمەو تائێستا زۆرینەی ڕەها ئۆپەراسیۆنیەكانی دژی پاشماوەكانی داعش لەلایەن هاوپەیمانانەوە بە بەشداری ڕاستەوخۆی ئەم هێزە دەكرێت .