پەرلەمانتارێکی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، “دابەزاندنی نرخی بەنزین بۆ 500 دینار جێگەی دەستخۆشیە، ھیوادارم بەبڕێکی زۆر بەردەوامبێت، بەڵام ئەگەر چەند تانکەرێکی کەم بێت ھیچ لە دۆخەکە ناگۆڕێت”.

عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان ئەمرۆ پێنچ شەممە 24ی حوزەیرانی 2021. لە ئەژماری خۆی بڵاویکردەوە، “سەرباری ئەوەی من پشتیوانی ھەر ھەوڵێک دەکەم بەنزینێکی کوالێتی باش بدرێت  بە 500 دینار، بەڵام گرنگە بڕەکەی زۆر بێت و بەردەوام بێت، ئەگەر ڕۆژانە 200 ھەزار لیتریش بێت %10 پێداویستی سلێمانی دابیندەکات”.

ئەو وتیشی، “بەڵام ئەگەر چەند تانکەرێکی کەم بێت و کەسێک بیکڕێت و بۆ یەکجار بە ھەرزان بیفرۆشێت ھیچ لە دۆخەکە ناگۆڕێت”.

ئەوەشی خستۆتەڕوو، “بۆ بەنزینی باش ئەگەر حسابی گومرگ و گواستنەوە و بکرێت بەبێ قازانجی بەنزینخانە تەنێک بەنزین 660 دۆلار دەکەوێت و لیترێک بەنزین نزیک دەبێتەوە لە 750 دینار، ئەگەر تێکەڵ بکرێت لەگەڵ کۆندێن سەیت پترۆ کیمیاوی و نەفتا دەتواندرێت بە 700 دینار بفرۆشرێت”.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژە بەوەدەکات، “ڕێگای دروست ئەوەیە حکومەتی ھەرێم لە پاڵاوگەکانی ناوخۆ نەوت بپاڵوێت و پشتیوانی دابەزاندنی نرخ بکات وەک عێراق، ئەگەرنا دابەزاندنی نرخ بۆ بەنزینی باش قورسە، بە گرانبوونی نرخی نەوت بەنزینیش گراندەبێت”.

عەلی حەمە ساڵح، باس لەوەدەکات، ” پاڵاوگەی کەڵەک (175 ھەزار بەرمیل) بەرهەم دەهێنێت لەو برەیەش 25 ھەزار لیتری بۆ عێراق‌ و 25 ھەزاریش بۆ حکومەتی ھەرێم‌ و ئەو برەیەی دەمێنیتەوە بۆ توانای پاڵاوتنی 125 ھەزار بەرمیل کارناکات، پاڵاوگەی لاناس-یش (25 ھەزار بەرمیل) نەوتی سوریا و عەینزالە دەپاڵێوێت‌ و پاڵاوگەی دوکانیش وەستاوە، سەرباری ئەوەش “من پشتیوانی ھەر ھەوڵێک دەکەم بەنزینێکی کوالێتی باش بدرێت  بە500 دینار، بەڵام گرنگە بڕەکەی زۆربێت‌ و بەردەوامبێت”.

ئەم كاردانەوەی پەرلەمانتارەكەی گۆڕان دوای ئەوەدێت كە ئەمڕۆ شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ کۆنفرانسی رۆژنامەنوسی لەسەر نرخی بەنزین ئەنجامدا و دەڵێت، “پاڵاوگەکانی ناوخۆ نرخی تەنی بەنزینیان کردووە بە 640 دۆلار و دوو پاڵاوگەکەی هەرێم موڵکی خەڵکن کەچی کۆمپانیاکانی یەکێتی و پارتی بەکاریدەهێنن”.