١٦ی مانگی رابردوو، دادگای تاوانی ههولێر سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەر پێنج لە دەستگیرکراوانی بادیناندا سەپاند، ئهو بڕیاره ناڕەزایەتی و کاردانەوەی رای گشتی و لەلایەنە سیاسیەکان و پەرلەمانتارانی لێكهوتهوه و رێكخراوی لێبوردنی نێودهوڵهتیش دهڵێت ئاشایش و ههواڵگری پارتی به ههرهمی خهڵك شوێنبزر دهكات.
رێکخراوی لێبوردنی نێودەڵەتی راپۆرتێكی تایبەت به خۆی لە بارەی دەستگیراوانی بادینان بڵاوکردەوە و دهڵێت كه خۆپیشاندهران له ههرێم به دەستگیرکردنی ھەرەمەکی و ههروهها گێچهڵكردن پێیان دەستبەسەرکراون، هەربۆیە پێویستەدەستبەجێ ئەو دەستبەسەرکراوانە ئازاد بکەن.
بۆ دەستگیرکردن و بڕیاردان بە سزادانی دەستگیرکراوانی بادینان راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەداوە، ئەوان پێشتر لە دادگایی نادادپەروەرانەو لهسهر بەشداریکردنییان لە خۆپیشاندانەکان یاخود کرداری پرۆفێشناڵانە یان چالاکی پەیوەست بە خۆپیشاندان حوکمدراون.
باسی لهوهشكردووه كه لەنێوان مانگەکانی شوبات و ئایاری ٢٠٢١، رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیی کەیسی١٤ کەسی لە بادینان تۆمارکرد کە سێ ڕۆژنامەوان و ١١ چالاکوانی سیاسیی و کۆمەڵگای مەدەنیی بوون، ھەموویان لەنێوان مانگەکانی ئاب و تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ دەستگیرکرابوون- وە بۆی دەرکەوت، کە لە ھەموو کەیسەکاندا ئاسایش و ھەواڵگریی حکومەتی ھەرێمی کوردستان (ھێزەکانی پاراستن، ئاژانسی ھەواڵگریی پارتی)بەشێوەیەکی ھەرەمەکی خەڵکیان دەستبەسەر کردووە، کە شەشیان شوێنبزر کراون.
رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لەو باوەڕەدایە کە چالاكوانانی بادینان به ھەڕەمەکی دهستگیر و و دەستبەسەر و شوێنبزر كراون و بە ترساندن و هەڕەشە دانپێدانان لە چالاکوانان وەرگیراوە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە كه لە شاری دھۆک رێکخراوی لێبوردنی نێودهوڵهتی چوار حاڵەتی ترساندنی ئەو کەسانەی تۆمارکردووە کە راستەوخۆ پەیوەندیدارن بە قوربانیەکانی دوایین سەرکوتکارییەکانی دژی ئازادی رادەربرین لەو شاره و دهڵێت كه ھەڕەشەی زارەکیی لە خانەوادە یان ئەو پارێزەرانەیان كراوه کە کار لە کەیسەکانیان دەکەن.