جێگری سەرۆکی دەستەی کەشناسی عێراق رایگەیاند، پێدەچێت لەئاکامی گۆڕانکارییە وەرزییەکاندا پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزببێتەوە و پیشبینیدەکرێت رۆژی شەممەی داهاتوو پلەکانی گەرما تاوەکو ٥٠ تا ٥١ پلەی سیلیزی بەرزببێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، ئیسرا عومەر جێگری سەرۆکی دەستەی کەشناسی عێراق بۆ رادیۆی مەربەدی ناوخۆیی باسی لەوەکردووە، پێشبینی دەکرێت پلەکانی گەرما لە هەفتەکانی داهاتوودا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزببێتەوە، ئامژەی بەوەشکردووە، لەماوەی رابردوودا عێراق روبەڕوی شەپۆلێکی هەوای سارد بووەوە، ئەمەش وایکرد شەپۆلی خۆڵبارین لەعێراق سەرهەڵبدات.

دەشڵێت، قورسە پێشبینی باران بارین لە وەرزی هاوینی ئەمساڵدا بکرێت.

ساڵانە لەکاتی نزیکبوونەوەی وەرزی هاوین کە لە مانگی حوزەیرانەوە دەستپێدەکات و تا کۆتایی مانگی ئەیلول دەخایەنێت، شەپۆلی گەرما روو لەعێراق دەکات و لە هەندێک ناوچەدا بەهۆی بەرزی پلەکانی گەرماوە هۆشداری دەدرێت بەوەی هاوڵاتیان لەکاتەکانی نیوەڕۆدا نەچنە دەرەوە.