بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرکۆماری ئێران یەکەم لێدوانی فەرمیی وڵاتەکەی لە بارەی داخستنی ماڵپەڕە ئێرانییەکان، بڵاودەکاتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 23-6-2021، لە بەیاننامەیەکدا، وەزارەتی دادی ئەمریکا رایگەیاندبوو: 36 ماڵپەڕ، کە یەکێتیی رادیۆ و کەناڵە تەلەڤزیۆنە ئیسلامییەکانی ئێران سەرپەرشییان دەکات، داخراون.
مەحمود واعیزی، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرکۆماری ئێران رایگەیاندووە: ئەو بڕیارە هەنگاوێکی بنیاتنەر نییە لە کاتێکدا لە ڤیەننا ئێران و وڵاتانی 4+1 لەبارەی رێککەوتنی ناوکی و گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ رێککەوتنەکە، لا ئارادایە.
مەحمود واعیزی پێی وایە ئەمریکا بە داخستنی ئەو ماڵپەڕانە، ”کۆتوبەند دەخاتە سەر ئازادیی رادەربڕین“.
هەروەها ئازەری جەهرەمی، وەزیری پەیوەندییەکانی ئێران رایگەیاندووە: ئەمریکا دەیەوێ هەموو قەدەغەیەک بخاتە سەر ئێران و داخستنی ئەو ماڵپەڕانەش ”بەڵگەی مایەپووچیی ئەمریکایە“.
هۆکاری داخستنەکە بەپێی بەیاننامەکەی وەزارەتی دادی ئەمریکا، بڵاوکردنەوەی چەواشەکاری و چالاکیی گرووپەکانی سەر بە ئێرانە.