بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی روونكردنەوەیەكی لەبارەی رووداوی تەقەكردنەكەی شەوی رابردووی سەرچنار بڵاوكردەوەو رایگەیاندوە، هێزەكانیان لە ئەركی فەرمیدا بوون و شۆفێرێك “ھێزێكی چەكدار بە شێوازێكی دەرچوون لەیاسا بەكاردەهێنێت و هەڵدەكوتنە سەر ئەو ھێزە ئەمنییەی كە لە ئەركدا بوون و بە تەقەكردن رووبەڕووی هێزە هاوبەشەكەبوونەوە كە لەئەركدا بوون”.
دەقی روونکردنەوەکە:
روونكردنەوەیەك بۆ رایگشتی
سەعات ( ١١:٣٠ ) شەوی ٢١ لەسەر ٢٢ی حوزەیرانی ٢٠٢١، ھێزەكانمان بەھاوبەشی لەگەڵ ھێزە ئەمنییەكانیتر لە لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی لەئەركێكی رەسمیدا بوون لەسەر شەقامی جەواھیری لەگەڕەكی سەرچنار، بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامی شارەكەمان. لەوكاتەدا شۆفێرێك پابەند نابێت بەڕێكارو رێنماییە یاساییەكان و لەمەشەوە گرفت دروستبوو، دواتر ئەو كەسە ھێزێكی چەكدار بەكاردەھێنێت بەشێوازێكی دەرچوو لە یاسا و ھەڵدەكوتنە سەر ئەو ھێزە ئەمنییەی كە لەئەركدا بوون و بەتەقەكردن رووبەڕووی ھێزە ھاوبەشەكە دەبنەوەو دەرئەنجام شەش كارمەندی ھێزەكانی ئاسایشی سلێمانی و كارمەندێكی هێزەكانی فریاكەوتنی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی برینداربوون و رەوانەی نەخۆشخانەكران بەمەبەستی چارەسەر .
ئێمە لە كاتێكدا ھیوای زوو چاكبوونەوە بۆ بریندارانی ئەم رووداوە نەخوازراوە دەخوازین، رێوشوێنە یاسییەكان بۆ لیژنەی لێكۆڵینەوە جێدەھێڵین و ھەموولایەك دڵنیا دەكەینەوە كە؛ ھەرگیز دەستبەرداری ئەركی نیشتمانی خۆمان نابین لەپاراستنی سەروماڵی ھاوڵاتیان و ئارامی شار و لەوپێناوەشدا ئامادەی ھەموو قوربانییەكین.
بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی