پۆلیسی میسر رایگەیاند، پیاوێکیان دەستگیرکردووە بە بیانوی دەرکردنی جنۆکە لە جەستەی ژنێک بە کێبڵ و دار لێیدەدات و لە ئەنجامدا گیان لە دەستدەدات.

ژنەکە لە پارێزگای مەتروح ژیاوە و ماوەیەکە بە دەست نەخۆشی دەروونیەوە گرفتاربووە و خێزانەکەی لەو باوەڕەدابوون جنۆکە لە جەستەیایەتی، ئەمەش وای لە هاوسەرەکەی کردووە ژنەکەی ببات بۆلای پیاوێک تا “چارەسەری رۆحی” بۆ بکات و چاودێری بکات.

لەکاتی لێکۆڵینەوەکاندا لەبەردەم پۆلیس، دانیان بەوەداناوە کە یەکێک لە هاوڕێکانی پێشنیازی بۆ کردووە تا ژنەکەی ببەنە لای “شێخێکی رۆحانی” کە تەمەنی ٣٠ ساڵە.

لەکاتی چارەسەرکردنیدا بە دوو کەس دەست و قاچیان بەستووە و بە کێبڵ و دار لێیانداوە و پێیان وتووە بەمە چاکدەبێتەوەو جنۆکەکەی لە لەش دەچێتە دەرەوە.

هاوسەرەکەی دەشڵێت، دوای کاتژمێرێک لە لێدانی ژنەکەی لە هۆش خۆیدەچێت و دوو پیاوەکە دێنە دەرەوە بۆلایی و پێێدەڵێن “ژنەکەت خەوی لێکەوتووە، وازی لێبێنە تا خەبەری دەبێتەوە و دواتر باشتردەبێت.”

لە درێژەی دانپێدانانەکەیدا هاوسەری ژنەکە باسی لەوەشکردووە، هەموویان بەجێنان هێڵاوم و رۆیشتوون، دواتر چووەتە ئەو ژورەی ژنەکەی تێدابووە دەبینێت ژنەکەی بە تەواوەتی هۆشی لە خۆی چووە و توشی خوێن بەربوون بووە، ئەویش بەپەلە دەیبات بۆ نەخۆشخانەیەکی نزیک لەو ناوچەیە.

دواتر لە رێگەی نەخۆشخانەکەوە پۆلیس لە رووداوەکە ئاگادار دەکرێتەوە و ئەو پیاوەی خۆی بە شێخی رۆحانی ناساندووە دەستگیردەکەن و رێکاری یاسایی لەبەرامبەردا گیراوەتەبەر.