سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەشاری هەولێر لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریكا لە عیراق كۆبووەوە و سەرۆكایەتی هەرێمیش ئاشكرای دەكات، هەردوولا چەند پرسێكیان تاووتوێكرد، گرنگترینیشیان، پەیوەندییەكانی ئەمریكا لەگەڵ عیراق و هەرێمی كوردستان و مەترسییەكانی تیرۆر و هەڵبژاردنی پێشوەختەی عیراق بووە.

پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ 21-6-2021، نێچیرڤان بارزانی پێشوازیكرد لە ماتیو تولەر، باڵیۆزی ئەمریكا لە عیراق.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆبوونەوەكدا دۆخی عیراق و هەرێمی كوردستان و ناوچەكە بەگشتی، هەروەها پەیوەندییەكانی ئەمریكا لەگەڵ عیراق و هەرێمی كوردستان و مەترسییەكانی تیرۆر و هەڕەشەكانی داعش تاووتوێكران، بەگرنگیشەوە باس لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عیراق و ئایندەی پرۆسەی سیاسی لەعیراق كرا.

باڵیۆزی ئەمریكا دووپاتیكردەوە، وڵاتەكەی لە هاوبەشی و هاریكاریی لەگەڵ هاوپەیمانەكان و دۆستانی لە عیراق و ناوچەكە بەردەوام دەبێت، وتیشی:” تیرۆر و مەترسییەكانی داعش لە عیراق و ناوچەكە هێشتا هەڕەشەی جددی و راستەقینەن”.

لە بەرامبەردا سەرۆكی هەرێم، پابەندیی ئەمریكای بە بەردەوامیی هاریكاری و هاوبەشیی لەگەڵ هاوپەیمانەكانی لە عیراق و ناوچەكە بە پەیامێكی گرنگ و مایەی دڵنیایی لە قەڵەم دا، جەختیشی كردەوە لە خواستی هەرێمی كوردستان بە برەودانی زیاتری پەیوەندییەكانی عیراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەمریكا و فراوانكردنی بوارەكانی هاریكاری و هاوبەشیی نێوانیان.