سوتانى ژنێک و منداڵەکەى لە بەغدا لە ڕووداوێکى ئاگرکەوتنەوەدا گومانى لاى پۆلیس دروستکرد و دواتر دەرکەوت پیاوەکەى تۆمەتبارى سەرەکییە و ئاگرى لە هاوسەر و منداڵەکەى بەرداوە.

 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی تاوانی شاری بەغدا (21ی حوزەیرانی 2021) وردەکاری تاوانێکی ناديار و گوماناوی لە گەڕەکی زەعفەرانییەی شارەکە ئاشكراكرد کە لە ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوەیەکدا دایکێک و منداڵەکەی گیانیان لەدەستدا.

بەڕێوەبەرایەتییەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، دوای گەیشتنی تیمەکانی تاوانی سەر بە پۆلیسی بەغدا بۆ شوێنی ئاگرکەوتنەوەکە دەستبەجێ لێکۆڵینەوەیان لە ڕووداوەکەدا کردووە و گومانیان لا دروست بووە کە هۆکاری ئاگرکەوتنەکە ئاسایی نەبووە و بەدەستی ئەنەقەست ڕوویداوە.

 

دەشڵێت، دوای کۆکردنەوەی زانیاری و لێکوڵینەوە لەگەڵ ئەندامانی دیکەی خێزانەکە، گومان لەهاوسەری ژنەکە کراوە دوای خستەنەڕووی بەڵگەکان و روبەروکردنەوەی تۆمەتبار بەو بەڵگانەی کەبەدەست هاتوون، تاوانبار دانی بەتاوانەکەیدا ناوە و هۆکاری ئەنجامدانی تاوانەکەشی گەڕاندووەتەوە بۆ کێشەی کۆمەڵایەتی.

 

بەوتەى پۆلیس، لە ئێستادا پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ تاوانەکە کراوەتەوە و تاوانبارەکە بە فەرمانی دادوەر وبەپێی ماددەی( 406) یاسای سزای عێراقی ڕاگیراوە.