دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران ئاشكرای دەكات، لەماوەی ئەمساڵدا نزیكی 27 هەزار كەس لەعیراقەوە كۆچیان بۆ ئەوروپا كردووە، كە زۆرینەیان كوردن.

ئاری جەلال، سەرۆكی دەزگای لوتكە بۆ كاروباری پەنابەران لەكۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لەماوەی ساڵی 2021دا نزیكی 27 هەزار كەس لەعیراقەوە كۆچیان بۆ دەرەوە كردووە، كە زۆرینەیان كوردن، بەڵام لەساڵی 2020دا كە تەنها دوو مانگی سەرەتا و دوو مانگی كۆتایی ساڵ ڕێگا كراوەبووە و 34 هەزار كەس كۆچیان كردووە.

ئەوەشی خستەڕوو، ئامارەكان دەریدەخەن بەشێوەیەكی بەرچاو ڕێژەی كۆچ كەمیكردووە.

بەپێی ئامارە تۆماركراوەكانی دەزگای لوتكە، “لەماوەی ئەمساڵدا 5 كەس گیانی لەدەستداوە و هیچ كەسێكیش بێسەروشوێن نەبووە، واتە هەموو تەرمەكان گەڕێندراونەتەوە خاكی عیراق”.

ئەمە لەكاتێكدایە لەماوەی ساڵی 2015 تاكو ئەمڕۆ زیاتر لە 623 هەزار كەس لەعیراقەوە كۆچیان بۆ وڵاتانی دەرەوە كردووە، كە زۆرینەیان كوردن.

هەر لەو شەش ساڵەدا، 256 كەس گیانی لەدەستداوە و 173 كەسی دیكەش تەرمەكانیان بێسەروشوێنە.

لەم ماوەیەدا ڕێژەی كۆچی گەنجان بەلێشاو زیادی كردووە و بەردەوام لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە گەنجان وێنە و ڤیدیۆی خۆیان لەڕێگای كۆچ بڵاودەكەنەوە.