بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم بڕیارێك بۆ لێخۆشبوون لە بەشێكی قەرزی ئاوی ماڵان دەردەكات و جەختدەكاتەوە، كە ئەگەر بۆ 4 مانگ بڕی 600 هەزار دینار بۆ ماڵێك هاتبێتەوە ئەوا كەم دەكرێتەوە بۆ 180 هەزار دینار بەو پێیەی هیچ مانگێك لە 45 هەزار دینار زیاتر لە هاووڵاتیان وەرناگیرێت.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار داوا لە هاوبەشانی ئاو دەكات بە مەبەستی سوودمەندبوون لە بڕیاری لێخۆشبوون لە بەشێكی زۆر لە نرخی ئاوی ماڵان و شوێنە گشتییەكان، لە نزیكترین كاتدا سەردانی فەرمانگەكانی ئاو بكەن و مامەڵەی سوودمەندبوون لە بڕیارەكە پێشكەش بكەن بۆ ئەوەی بە ڕێژەیەكی زۆر لێخۆشبوون بیانگرێتەوە.
بەپێی ڕاگەیەنراوێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆ، كە وێنەی دراوە بە (سنورمیدیا) لە چەند مانگی رابردوودا حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە ڕێنمایییە كۆنەكەی وەرگرتنی كرێی ئاوی خواردنەوەی ماڵان و شوێنە گشتییەكانی لە بەرژەوەندی هاوبەشانی ئاو هەمواركردەوە و بڕیاری دا بە كەمكردنەوەی كرێی ئاوی خواردنەوە.
جەختیشی كردۆتەوە، هەموو ئاسانكارییەك بۆ ئەو هاووڵاتییانە دەكەی،ن كە دەیانەوێت لە بڕیارەكە سوودمەندبن، چونكە ئامانجمان لە هەمواركردنەوەی بڕیارە كۆنەكە خزمەتكردنی هاووڵاتییانە بۆ ئەوەی بە بڕە پارەیەكی كەم زۆرترین قەرزەكانیان بدەنەوە.
بە گوێرەی بڕیارە نوێیەكە، بۆ دابەزاندنی نرخی ئاو، نابێت بەرزترین ئاستی نرخی ئاو بۆ هەر مانگێك لە 45 هەزار دینار زیاتر بێت، وەك نموونە: ئەگەر هاووڵاتییەك بۆ 4 مانگ 600 هەزار دیناری بۆ هاتبێتەوە، ئێستا تەنیا بڕی 180 هەزار دینار دەدات، واتە بڕی 420 هەزار دینار لێخۆشبوون دەیگرێتەوە، كە ئەمەش ڕاستەوخۆ لە بەرژەوەندی هاوبەشانی ئاودایە.