بەئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان ئێوارەی ئەمڕۆ لەشاری سلێمانی رێككەوتنی پێكهێنانی هاوپەیمانی هەڵبژاردن و بەیەكەوە كاركردن لەنێوان هەردوو حزبەكەدا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق واژۆ كرا.

یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان دوای تەواوكردنی سەرجەم رێكارەكانی پێكهێنانی هاوپەیمانییەكەیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و بەردەوامی كاری بەیەكەوەیی، ئێوارەی ئەمڕۆ بەئامادەبوونی بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكانی یەكێتیی و عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی گۆڕان رێككەوتنەكە لەشاری سلێمانی واژۆ كرا.

عومەر سەید عەلی، رێكخەری گشتی گۆڕان لەوتارێكدا رایگەیاند، “دوای زنجیرەیەك كۆبونەوە لەگەڵ یەكێتیی گەیشتینە ڕێككەوتن، ڕێككەوتنەكەشمان بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانییە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوی عێراق”.

ئاماژەی بەوەشكرد، “دەرفەتی گونجاو لە بەردەستدایە دوای هەڵبژاردن هەمو لایەنەكان لە بەرەیەكی فراواندا كۆببینەوە، یەكێتی و گۆڕانیش بە هەستكردن بە لێپرسراویەتی ڕێككەوتنەكەیان پەسەند كردوە”.
دواتر بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وتی: بەڵێنمان داوە ئەم رێككەوتنە دژی هیچ لایەنێك نەبێت و بۆ یەكڕیزی كوردستان و گەلەكەمان بێت.

جەختیشكردەوە، لێرەوە بەڵێن دەدەین جارێكی تر خوشك و برایانمان لە بزوتنەوەی گۆڕان بەجێناهێڵێن، دەشمانەوێت بەم رێككەوتنە بەرنامەكەی مام جەلال و كاك نەوشیروان تەواو بكەین.

پاشان لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان باسی لەوەكرد، شەرەفێكی گەورەیە لە ژێر سێبەری هاوپەیمانی كوردستان كۆبووینەتەوە.

لاهور شێخ جەنگی ئاماژەی بەوەشكردوە، هیوادارین ئەم هاوپەیمانییە ببێتە مایەی خۆشی بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان.

وتیشی، ئەم هاوپەیمانییە تەواوكەری ڕێككەوتنی مام جەلال و كاك نەوشیروانە و ئەركی هەمووانە ئەم هاوپەیمانییە وەك بیلبیلەی چاومان ببپارێزین.

لاهور شێخ جەنگی ئاشكرایشكرد، ئەگەر یەكڕیز نەبین ناتوانین ئامانجەكان بەدەستبهێنین و جەختیشكردەوە ئەگەر كورد یەكدەنگ بێت لە بەغداد دەتوانین یەكلاكەرەوە بین.