ئەندامێكی كۆنسەی سەرۆكایەتی گشتی كەجەكە داوا لە پارتی دیموكراتی كوردستان دەكات دەست لە “سیاسیەتی دوژمنان و هاوكاریكردنی داگیركەر بەربدات” و ئەو حزبەش بە گەورەترین مەترسی و ئاستەنگی بەردەم سەركەوتنی گەلی كورد وەسف دەكات.

سۆزدار ئاڤێستا ئەندامی كۆنسەی سەرۆكایەتی گشتی كەجەكە لە دیدارێكی لەگەڵ میدیای پەكەكە هێرشی توندی كردە سەر پارتی دیموكراتی كوردستان و ڕایگەیاند گەریلا بە خوێنی خۆی بەرگرییەكی مێژوویی و داستان تۆمار دەكات، بەڵام مەترسی هەرە گەورە هەڵوێستی پارتی دیموكراتی كوردستان و بووەتە ئاستەنگ لەبەردەم سەركەوتنی خەباتی گەلی كورددا.

وتیشی: “دەبێت پارتی دەست لە سیاسەتی هاوكاریكردنی داگیركەر و سیاسەتی دوژمنان هەڵبگرێت” و ئەو هێزانەشی بكێشێتەوە كە لە نزیك پێگەكانی پەكەكە كۆیكردوونەتەوە.

سەرکردەکەی کەجەکە هۆشداریشی دا لە خراپی ئاکامی هاوکارییەکانی پارتی بۆ تورکیا و ڕایگەیاند، ئەگەر گەلی کورد شکست بهێنێت ئەوا بە هۆی خیانەتەوە شکست دەهێنێت، نەك بە هۆی بەهێزیی تورکیاوە.