جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا چاویلكەیەكی فڕۆكەوانی بە دیاری دایە هاوتا ڕووسیاییەكەی.


تۆڕی سپوتنیك بڵاویكردەوە، بەشێكی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی بایدن و پۆتین بڵاوكراوەتەوە و مشتومڕی جۆراوجۆری بەدوای خۆیدا هێناوە لە سۆشیال مێدیا، ئەویش بەخشینی چاویلكەیەكە لەلایەن بایدنەوە بە هاوتا ڕووسیاییەكەی.

بەپێی زانیارییەكان، ئەو مۆدێلە چاویلكە هەتاوییە، دروستكراوی كارگەیەكی ئەمریكاییە بەناوی “رندولف ئنجینیرینگ” كە سەرۆكی ئەمریكا زۆر پەیوەندی لەگەڵ ئەو چاویلكانە و كارگەكەشی هەیە، ناوی چاویلكەكەش “كنكورد”ە و لە یەكێك لە شارە بچوكەكانی ویلایەتی ماساچوستی لە باكوری ڕۆژهەڵاتی ئەمریكا بەرهەم دەهێنرێت.

ناوی چاویلكەكە لە ناوی فڕۆكەیەكەوە وەرگیراوە كە تایبەتە بە گواستنەوەی گەشتیاران و دروستكراوی هەردوو وڵاتی فەڕەنسا و بەریتانیایە، كە لە توانایدایە دوو هێندەی فڕۆكەی دیكە بڕوات.

بەشێك لە بەكارهێنەرانی سۆشیال مێدیا، ئەو چاویلكەیان بە یەكێك لە باشترین چاویلكەكانی فڕۆكەوانی لە دونیادا ناوبردووە، هاوكات بەشێكی دیكە باس لە فلتەری ئەو چاویلكە دەكەن چۆن گەیشتووەتە دەست پۆتین.