میدیاكانی ئێران بڵاویانكردەوە، بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییە نافەرمییەكان، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری ئەو وڵاتە، بەربەستی 50%ی دەنگدانی تێپەڕاندووەو بەئەگەرێكی زۆر سەرۆكی داهاتووی ئێرانە.
هاوكات، حەسەن رۆحانی، بەیانی ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند، لەگەڕی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا، سەرۆكێكی نوێ بۆ ئەو وڵاتە هەڵبژێردراوە، بەبێ ئەوەی ناسنامەكەی ئاشكرا بكات.
ئەوەش لەكاتێكدا دێت كاتژمێر 2:00ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ ناوەندەكانی دەنگدان بەڕووی دەنگدەراندا داخران.
رۆژی هەینی لە ئێران و 133 وڵاتی دیكە پڕۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی ئەو وڵاتە بەڕێوەچوو.
59 ملیۆن و310 هەزار و307 كەس مافی دەنگدانیان هەبوو، 29 ملیۆن و 980 هەزار كەسیان لە رەگەزی نێرن و 29 ملیۆن و 330 هەزار كەسیان لە رەگەزی مێ مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیش 1 ملیۆن و 392 هەزار و 148 كەسیان بۆ یەكەمجار دەنگیانداوە.