وەزارەتى ناوخۆى عێراق ڕایگەیاند، ڕێگرییان کردووە لە فرۆشتنى کچێک لەلایەن باوکیەوە بەکۆمەڵێک هاووڵاتى شارى هەولێر.
پۆلیسى کۆمەڵایەتى سەر بە وەزارەتى ناوخۆى عێراق (17ى حوزەیرانى 2021) لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوە کرد “مامەڵەى فڕۆشتنى کچێکى 11 ساڵییان لەلایەن باوکیەوە پوچەڵ کردوەتەوە بۆ شارى هەولێر، کچەکەیان بەبڕیارى دادوەر، ڕادەستى خانەى بێسەرپەرشتانی ئەعزەمیە کردوە”.
بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، پاش ئەوەى لەلایەن یەکێک لە بنکەکانى پۆلیسى توندوتیژى خێزانى هەواڵى ئەوەیان پێ دراوە، کچێکى تەمەن 11ساڵ هەڵهاتووە لەبەر ئەوەى باوکى هەوڵیداوە بیفڕۆشێت بەکەسانێک لە هەرێمى کوردستان.
ئەوەش روونکراوەتەوە “پاش ئەوەى دادوەر، لێکۆڵینەوەى لە دۆسیەکە کرد بڕیاریدا کچەکە بخرێتە ژێر سەرپەرشتى خانەى بێسەرپەرشتان و باوکیشى دەست بەسەر بکرێت و داواى کرد هاوکارى ماددى و دەروونى پێشکەش بە کچەکە بکرێت” .