پەرلەمانتار شادی نەوزاد ڕایگەیاند، پێوسیتە هەموومان یەک دەنگ بین و نەهێڵین جەنگ لەنێوان کورد و کوردا ڕووبدات، دەشڵێت، ئێمە دڵنیاین کە تورکیا بە دوونیا بینى داگیرکەرانە مامەڵەدەکات.
شادی نەوزاد ئەندامی سەربەخۆی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند”جەنگ هیج کات لە بەرژەوەندیی مرۆڤەکاندا نیە، چونکە دژی مافەکانی مرۆڤن و کار لەسەر دواکەوتنی کۆمەڵگاکان دەکەن، پێویستە ئێمە هەموومان یەکدەنگبین لەسەر ئەوەى کە نەهێڵین شەڕ دروست بێت لە نێوان براکان و کورد و کوردا لەسەر ئەم خاکەدا”.
شادی نەوزاد، وتیشی:”ئەوەی گرنگە تا کوێ لەگەڵ یەکدا دەبین تا کوێ گوێ لە یەکتری دەگرین، چونکە هەرکێشەیەک هەبێت دەکرێت بە گفتوکۆ چارەسەربکریت، بەو ڕێگەیە باشتر لە یەکتری تێدەگەین”.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، دەوڵەتی تورک نەک تەنیا باشووری کوردستان، بەڵکو دژی هەموو کورد و کوردستانە و وتی:”لە ماوەکانی ڕابردوودا بینیومانە لەشکرکێشییەکانی تورکیا لەژێر دەیان جۆر ناوی جیاجیادا کراوە بۆسەر هەرێمی کوردستان یان بۆ پارچەکانی تری کوردستان یاخود بۆ هەر تاکێک کە هەڵگری ناوی کوردستان بێت یان لەسەر خاکی کوردستان ژیابێت”.
وتیشی “ئێمە دڵنیاین کە تورکیا بە دوونیا بینى داگیرکەرانە مامەڵەدەکات و پێویستە ڕوونتر بیر لە هەموو ئەو هەڵسوکەوتانە بکەینەوە”.
ڕۆژی چواری ئەم مانگە، ڕێکخراوی تیمی ئاشتیپارێزی کرستیان ‘سی پی تی لە هەرێمی کوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند: لە ئەنجامی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکدا لە ماوەی پێنج ساڵدا ١٠٣هاوڵاتی شەهید بوون و ١٤٨گوند چۆڵکراون و ٥٠٠ گوندیش هەڕەشەی چۆڵکردنیان لەسەرە.