جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، بڕیاری ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان یاساییە و هیچ کێشەیەکی نییە و ئەوانەی دژایەتی دەکەن بۆ رازیکردنی شەقامی خۆیانە. هەروەها پێشبینی دەکات تا کۆتایی ئەم مانگە بەشێکی ئەو تریلیۆن و 200 ملیارەی بڕیاری لەسەر دراوە، بگاتە هەرێمی کوردستان.
د. بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ” لەڕووی یاساییەوە ناردنی ئەو بڕە پارەیەی حکومەتی عێراق بڕیاری ناردنی بۆ هەرێمی کوردستان دراوە هیچ کیشەیەکی یاسایی تێدانییە، بەپێچەوانەوە ئەوە جێبەجێکردنی یاسای بودجەی ئەمساڵی عێراقە، ئێمە گوشار لەسەر حکومەتی عێراق دروستدەکەین بۆ ئەوەی پەلە بکات لە جێبەجێکردنی ماددەکانی یاسای بودجە، چونکە ئەوە بەتەنیا پەیوەندیی بەهەرێمی کوردستانەوە نییە، بەڵکو بۆ هەموو پارێزگا و وەزارەت و دامودەزگاکانی عێراقە و تاوەکو ئێستا بودجە بۆ پارێزگاکانی نێوەڕاست و باشووری عێراقیش، تەنیا بەشی مووچەی لێ جێبەجێکراوە”.
سەبارەت بەو راگەیێندراوەی بەناوی لیژنەی دەستتپاکی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە بڵاوکراوەتەوە و دواتر دوو ئەندامی کوردی نێو لیژنەکە رەتیانکردەوە راگەیێندراوەکە گوزارشت لە لیژنەکە بکات و بێ ئاگایی خۆیان لێدەربڕی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، “لەسەر راگەیێندراوەکە پەیوەندیمان بە لیژنەکە و سەرۆکەکەیانەوە کرد. بەهیچ شێوەیەک راگەیێندراوەکە هی لیژنەکە نییە، بەڵکو چەند کەسێک راگەیێندراوەکەیان بڵاوکردووەتەوە وەکو کارێکی کەسی. پێمانگوتن ئەو کارەتان نایاساییە”.
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرای عێراق وتیشی، ” ئەو بڕیارەی حکومەتی عێراق بۆ ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان داویەتی بڕیارێکی دروست و بوێرانەیە لەپێناو جێبەجێکردنی یاسای بودجە. ئیدی هەندێک دەنگی نەشاز هەر هەن و خەڵکانێک ئێستاش دەیانەوێت تەگەرەی بخەنە بەردەم، بەڵام لەڕووی یاساییەوە هیچ کێشەیەک لەبەردەم ناردنی پارەکە بۆ هەرێمی کوردستان نییە”.
لەبارەی راگەیێنراوەکەی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانیشەوە گوتی، دروستە و داوا لە هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵی دەکەن پابەندبن بە دەقی ریککەوتنەکەیان و یاسای بودجەوە.
بەشیر حەداد لەبارەی وادەی گەیشتنی ئەو بڕە پارەیەی حکومەتی عیراق بڕیاری لێداوە کە دوێنی سێشەممە راگەیێندرا و بڕیارە 1 تریلیۆن و 200 ملیار دیناری شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ بۆ هەرێمی کوردستان لە بری مووچە بنێردرێت، وتی” هەندێک کاری تەکنیکی ماوە و نووسراو و شتی دەوێت و بەهۆی رۆتینی نێو وەزارت و دامەزراوەکانەوە کاتی پێدەچێت، بەڵام پیشبینی دەکەم پیش کۆتایی ئەم مانگە بەشێک لەو تریلیۆن و 200 ملیارە بگاتە هەرێمی کوردستان و دواتر بەشی دیکەی بگات، واتە بەیەک قۆناخ نایەت، رەنگە بە دوو سێ جار بگات”.
سەبارەت بە ناڕەزایەتییەکانی هەندێک فراکسیۆنی پەرلەمانی و دەرەوەی پەرلەمانی عێراق لەسەر بڕیارەکەی کازمی بۆ ناردنی بەشە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق وتی” ئەو دەنگانە هەمووی موزایەداتی سیاسییە و بۆ ئەوەیە شەقامی خۆیانی پێ رازی بکەن، هەندێک لایەن پێیانوایە بە دژایەتیی هەرێمی کوردستان دەتوانن بەشێک لە شەقامی خۆیان رازی بکەن، بۆیە ئەو دەنگانە بەتەنها بۆ ئەوەیە هەندێک لە سۆشیاڵمیدیا دەنگی لایەنگرانی خۆیانی پێ رازی بکەن و هیچی دیکە نییە”.