ئەمڕۆ ١٦ـی ٦ـی٢٠٢١، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری سلێمانی پێشوازی کرد لە جەیمس سۆرنتۆن، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان کە بە بۆنەی ماڵئاواییکردن و کۆتایی هاتنی ئەرکەکەی سەردانی کردبوو.
لە دیدارێکدا لاهور شێخ جەنگی سوپاس و پێزانینی پیشکەش کرد بۆ ئەو کار و هەنگاوانەی کە لە ماوەی مانەوەی لە پۆستەکەیدا لە هەرێمی کوردستان جێبەجێی کردوون و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکانی داهاتوویدا بۆ خواست، دواتر بە ئامادەبوونی د. سۆران جەمال تاهیر، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی بیروڕا ئاڵوگۆڕ کرا دەربارەی بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق.
هاوسەرۆک لاهور شێخ جەنگی جەختیکردەوە لەسەر پێویستیی گرتنەبەری ڕێوشوێنەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگارییانەی کە بوونەتە مایەی بەردەوامی کێشە و قەیرانەکان، ئەویش لە ڕێگەی ڕەخساندنی دیالۆگی نیشتمانیی و بنیاتنەر و کۆتاییهێنان بە ناکۆکییە سیاسییەکان لە نێوان هەموو لایەنەکانەکان.
هاوسەرۆک سیاسەتە ڕاست و دروستەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی دووپات کردەوە بە ئاڕاستەی بەغدا و گەیشتن بە ڕێککەوتن لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ و پەنابردنە بەر دەستوور و ڕایگەیاند: ئەو رێککەوتنە دەرەنجامی فشار و پێداگریی و هاندانی هەردوولا و سەردان و کۆبوونەوەکانمان بوو لەگەڵ زۆربەی لایەنەکان لە بەغدا، کە خۆشبەختانە لە ئێستادا ئاماژەکانی جێبەجێکردن و پابەندییەکان بە ڕێککەوتنەکە بەدەردەکەون، وتیشی یەکێک لە گرنگترین دەرئەنجامەکانی ئەو ڕێککەوتنەش دوای دابینکردنی تەواوی شایستە داراییەکانی هەرێم لەلایەن بەغداوە، مەسەلەی پاشەکەوت و لێبڕینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمە کە دەبێت کۆتایی پێبهێندرێت.
لاهور شێخ جەنگی بە گرنگییەوە باسی لە چاکسازیی و یەکگرتنەوەی ھێزی پێشمەرگە کرد و ئامادەیی و پشتیوانیی یەکێتیی دووپات کردەوە بۆ ئەو پرۆسەیە، هاوکات پێزانینی پێشکەش بە تیمی سەربازیی بەریتانیا کرد لەنێو هێزەکانی هاوپەیمانی نیودەوڵەتی کە ڕۆڵی گرنگیان بینیوە لەو پرۆسەیەدا.
لە بەشێکی تری دیدارەکەدا لاهور شێخ جەنگی ئاماژەی بە پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق کرد و جەختی لە گرنگی و چارەنوسسازی پرۆسەکە کردەوە بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری و چاکسازیی و بەدیهێنانی ئامانجەکان، داوای یەکڕیزیی و یەکدەنگیی سەرجەم لایەنە کوردستانییەکانی کرد کە بێنە ژێر چەتری هاوپەیمانی کوردستان و ڕاشیگەیاند: بەیەکەوە دەتوانین پێگەی کورد لە بەغدا و پارلەمانی عێراق بەهێز بکەین.
لای خۆیەوە جەیمس سۆرنتۆن، سوپاسی هەڵوێست و پشتیوانییە بەردەوامەکانی لاهور شێخ جەنگی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی کرد و داوای ئاشتی و تەبایی و یەکڕیزی بۆ سەرجەم لایەنە کوردستانییەکان کرد و هیوای خواست هەرێمی کوردستان بەردەوام لە گەشەکردن و پێشکەوتندا بێت.