قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، “هەواڵێکی خۆشم پێیە، کە ٤٧٥ هەزار ژمارەی بێهاوتای کەسی بەسەر موچەخۆراندا دابەشدەکەین”، دەشڵێت، “ئەمەش دەبێتە سەرەتایەک بۆ رێکخستنەوەی میلاک، بۆ باشتر خزمەتکردنی موچەخۆران و بە سەرەتایەک بۆ بە ئەلکترۆنیکردنی حکومەت.”
جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەشکردووە، “ژمارەی بێهاوتا کێشەی دوو ناوی و سێ ناوی، بندیوار و سەر دیوار ناهێڵێت”، دەشڵێت، “دەمانەوێت حکومڕانی هەرێمی کوردستان باشتر و خێراتر و شەفافتر بکەین چونکە حکومەت لەپێناو خزمەتی خەڵک دروستبووە .”
ئەوەشی خستووەتەڕوو، “ئێستا لە دەرئەنجامی سیستمی بایۆمەتری دەزانین موچە دەدەین بە کێ و دەزانین هاوسەنگی جێندەری لە حکومەت هەیە یان نا.”
قوباد تاڵەبانی وتیشی، “بەربەستە گەورەکەی ئێمە یاسایە و یاساکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بەشێکی زۆریان کۆنن و بۆ ئێستا نەنوسراون و پێویستە بگۆڕدرێن.”
لە ماوەی دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمەوە تاوەکو ئێستا “چاکسازی” دروشمی ئەم کابینەیە بووە و کابینەکە ئەوەی خستووەتەڕوو، کە دەیانەوێت چاکسازی بکەن و بارودۆخی هاوڵاتیان و کوردستان باشتر بکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، هاوڵاتیان گلەییان لە بارودۆخ و ژیانیان و نەبوونی خزمەتگوزاری و هەلی کار هەیە، سەرەڕای ئەوەی موچەش بە لێبڕینەوە دابەشدەکرێت.
ش. ف