له‌ میانی‌ كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ‌ مه‌كته‌بی رێكخستن و سه‌رجه‌م لێپرسراو و ئه‌نجوومه‌ن و ئه‌ندامانی مه‌ڵبه‌نده‌كان، هاوسه‌رۆكانی‌ یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی كوردستان رایانگه‌یاند كه‌ ئاسۆی یه‌كێتیی له‌ هه‌ڵكشاندایه‌ و ده‌توانێت وه‌ك هێزێكی كاریگه‌ر هه‌موو لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان له‌ به‌غدا كۆ بكاته‌وه‌ و خزمه‌تی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان بكات.

ئەمڕۆ سێشەممە ١٥ـی٦ـی٢٠٢١ هاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان  لە هۆڵی تەلاری هونەر لە شاری سلێمانی لەگەڵ مەکتەبی ڕێکخستن و سەرجەم لێپرسراو و ئەنجوومەن و ئەندامانی مەڵبەندەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبوونەوە.

لە دوو کۆبوونەوەی فراواندا کە هەریەک لە ڕەفعەت عەبدوڵا بڕیاردەری دەستەی کارگێڕی و ڕزگار عەلی و قادر عەزیز ئەندامانی دەستەی کارگێڕی و ئاسۆ مامەند و د.سۆران جەمال تاهیر و د.میران محەمەد و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی ئامادەی بوون، هاوسەرۆکانی یەکێتیی وتاری هەمەلایەنەیان لەبارەی دۆخی یەکێتیی دوای کۆنگرەی چوارەم، دۆخی ناوخۆی هەرێم، کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان، پەیوەندییەکانی یەکێتیی، پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا، هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق پێشکەش کرد.

(دۆخی یەکێتیی)
هاوسەرۆکان جەختیان کردەوە کە بەستن و سەرکەوتنی کۆنگرەی چوارەم وەرچەرخانێکی گەورە بوو، مژدەی نوێبوونەوە و سەرکەوتن بوو لە ژیانی سیاسی و ڕێکخراوەیی یەکێتییدا، پەیامی سوپاسگوزاری و پێزانینیان ئاڕاستەی هەڤاڵە دێرینەکانیان کرد و ڕایانگەیاند کە بە دڵگەورەیی و سنگفراوانی و هاوکاری و پشتیوانیی ئەوان و جۆشوخرۆش و دڵسۆزیی کادرەکانی یەکێتیی لە سەرجەم ئۆرگانەکان توانرا کۆنگرەی یەکێتیی سەرکەوتوو بێت و دەستاودەستکردنی دەسەڵات بکرێت کە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەنجامدانی پرۆسەیەکی لەو شێوەیە بێ وێنە بوو.

ئاماژەیان بە هەوڵ و هەنگاوەکانی یەکێتیی کرد لە دوای کۆنگرە کە بەو ماوە کەمە و سەرباری ئاستەنگەکان و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا توانراوە کاری زۆرباش ئەنجام بدرێت و هەنگاوی گەورە بنرێت بە ئاڕاستەی چالاککردن و ڕێکخستنەوەی ئۆرگانەکانی یەکێتیی و خزمەتکردن بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە هەموو ئاستەکاندا، هاوسەرۆکان بەڵێنیشیاندا کە ڕاستەوخۆ دوای هەڵبژاردنەکانی عێراق، کۆنفرانسی مەڵبەندەکان ئەنجام بدرێت.

هاوسەرۆکان باسیان لە ئەرک و خەبات و تێکۆشانی ئەمڕۆی هەڤاڵانی ڕێکخستنەکان کرد و داوایان لێکردن کە هیمەت بکەن و قۆڵ و بازوی لێ هەڵبماڵن و بچنە ناو جەماوەر و ڕوئیا و سیاسەت و بەرنامەی یەکێتییان بۆ ڕوون بکەنەوە.

(ناوخۆی هەرێم)

هاوسەرۆکان ئاماژەیان بە دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کرد و جەختیانکردەوە کە یەکێتیی بۆ سەقامگیریی سیاسی و ئاسایش و ئارامیی هەرێمی کوردستان و پاراستنی تەبایی و یەکڕیزیی نێوان لایەنەکان باجی زۆریداوە ئەوەش لە پێناو خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و گۆڕینی سیستمی سیاسی و ئەدای حکومڕانی کە لە ئاست خواست و داوا ڕەواکانی خەڵکی کوردستان بێت.

(کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان)

هاوسەرۆکان بە بایەخەوە باسیان لە کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان کرد و ڕایانگەیاند کە یەکێتیی دەگەڕێتەوە کەرکوک و کەرکوک قودسی کوردستانە و لە ڕیزی پێشەوەی کارەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندایە، جەختیانکردەوە کە سیاسەت و بەرنامەی یەکێتیی گرنگیدانە بە هاونیشتمانییان لەو ناوچانە و دوورخستنەوەی مەترسییەکانی داعش و گەڕاندنەوەی ئارامی بە تایبەت لەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنی تێدا دروستبووە، دووپاتیشیان کردەوە کە یەکەم بەرنامەی سەردان و دیدارەکانیشیان بۆ شار و شارۆچکەکان لە کەرکوکەوە دەست پێدەکات.

(پەیوەندییەکانی یەکێتیی)

هاوسەرۆکان ڕایانگەیاند دوای کۆنگرە، یەکێتیی بە پەیوەندییەکانیدا چۆتەوە ئێستا پەیوەندییەکی دۆستانە و بەهێزی هەیە لەگەڵ سەرجەم لایەنە کوردستانییەکان و توانراوە لە ڕێگەی دیدار و سەردانەکانەوە پەیوەندییەکان لەگەڵ لایەنەکان ڕێکبخاتەوە، لەگەڵ لایەنە عێراقییەکانیش بە شیعە و سوننەوە توانراوە باڵانسی هێز بگەڕێندرێتەوە و ئەو پەیوەندییانە بەهێز بکرێتەوە کە بناغەکەی سەرۆک مام جەلال دایڕشتبوو، جەختیشیان کردەوە کە ئێستا یەکێتیی بە سەنگ و قورساییەکی بەهێزەوە گەڕاوەتەوە بەغدا و بەشدارە لە داڕشتنی نەخشەی سیاسی. ئاماژەیان بە فراوانبوون و بەهێزیی پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی یەکێتیی کرد و جەختیان کردەوە کە شاند و نێردە نێودەوڵەتییەکان و باڵیۆز و کونسوڵی وڵاتان بە گرنگییەوە دەڕواننە هەڵوێست و بەرنامەی یەکێتیی وەک حزبێکی خاوەن بڕیار لەسەر گۆڕەپانی سیاسی عێراق و هەرێمی کوردستان.

(پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا)

لە درێژەی وتەکانیاندا هاوسەرۆکان ئاماژەیان بە گرنگیی بەغدا کرد بۆ کورد و ڕایانگەیاند کە سیاسەتی یەکێتیی گرنگیدانە بە بەغدا و بەدەستهێنانی سەرجەم مافەکانی گەلی کوردە لە ڕێگەی دەستوورەوە کە وەک چەکێکی بە هێز دەتوانین پەنای بۆ ببەین و ئەزموونی هەرێمەکەمان بپارێزین. لەو سۆنگەیەشەوە ئاماژەیان بە ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم و بەغدا کرد و بە گرنگییەوە باسیان لە هەوڵ و هەنگاوەکانی تیمی یەکێتیی کرد لە حزب و حکومەت  کە دوای چەندین سەردان و دیدار و کۆبوونەوە بۆ بەغدا و رۆڵی سەرۆک کۆمار و فراکسیۆنی یەکێتیی  لە بەغدا توانرا ئەو ڕێککەوتنە بگەیەندرێتە ئەنجام کە ئەوەش تەنیا بۆ دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم نییە، بەڵکو بۆ چارەسەرکردنی تەواوی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی ترە بە تایبەت کێشەی کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان.

(هەڵبژاردنەکانی داهاتوو)

هاوسەرۆکان جەختیان کردەوە کە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بۆ کورد پرۆسەیەکی چارەنووسسازە، دووپاتیان کردەوە کە بۆ بەهێزیی پێگەی کورد لە بەغدا و گەڕاندنەوەی باڵانسی هێز و بەدەستهێنانی تەواوی مافەکان لە ڕێگەی خەباتی پارلەمانییەوە، پێویستە لایەنە کوردستانییەکان بە یەکڕیزی بچنە بەغدا، لەو ڕووەشەوە ئاماژەیان بۆ پێکهێنانی لیستی هاوپەیمانی کوردستان لە نێوان یەکێتیی و بزووتنەوەی گۆڕان کرد بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، داواشیان کرد هەموو لایەنە کوردستانییەکان بێنە ژێر چەتری ئەو لیستە بۆ ئەوەی کورد بە زۆرترین ژمارەی کورسی و بە یەکدەنگی لە بەغدا خەبات بکات بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکان.

لەکۆتاییدا هاوسەرۆکان دڵنیایاندا کە  ئاسۆی یەکێتیی لە هەڵکشاندایە و یەکێتیی دتوانێت وەک هێزێکی کاریگەر هەموو لایەنە کوردستانیەکان لە بەغدا کۆبکاتەوە و خزمەتی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بکات.