تا ئێستا سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان هیچ هەڵوێستێكی لەسەر بۆردومانەكەی توركیا بۆ سەر پشدەر نەبووە كە شەهیدبوونی چوار هاووڵاتی لێكەوتەوە، ئەمەش لە كاتێكدایە كە لە هەمان ڕۆژی ڕووداوە گوماناوییەكەی چیای مەتینا ڕاگەیەندراوی بڵاوكردەوە و بەرپرسیارێتییەكەشی خستە ئەستۆ پەكەكە.

ڕۆژی یەكشەممە فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا ئۆتۆمبێلێكی  مەدەنییان لە نێوان هەردوو گوندی دێگە و كانی لانی سەربە قەزای پشدەر، بۆردومان كرد و بە هۆیەوە چوار هاووڵاتی شەهید بوون.

ئەوەی جێی سەرنجە كە تا ئێستا مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت هیچ هەڵوێستێكی بەرامبەر بەو بۆردومانە نەبووە كە توركیا ئەنجامی داوە و تێیدا هاووڵاتی مەدەنی شەهید بوون، بەڵام هەمان ئەو ڕۆژەی كە ڕووداوە گوماناوییەكەی چیای مەتینا ڕوویدا و تێیدا پێنج پێشمەرگەی پارتی گیانیان لە دەست دا، مەسرور بارزانی پەیامێكی بڵاوكردەوە و بە بێ هیچ لێكۆڵینەوەیەك بەرپرسیاێتییەكەی خستە ئەستۆی پارتی كرێكارانی كوردستان.