بە میوانداری بافڵ تاڵەبانی ھاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، وەفدێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان لە دەباشان بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێکی تایبەت بەکاروباری حکومەتی ھەرێم وحکومەتی خۆجێیی سلێمانی کۆبونەوە.
ھەردوولا ھاوڕابون کە کێشە ھەنوکەییەکانی ئەمڕۆی کوردستان و ژیان و گوزەرانی ھاوڵاتیان پێویستی بە ھەماھەنگی زیاتری ھەردوولا ھەیە و پێویستە ھەنگاوی جدی و عەمەلی بنرێ بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان.
ھەروەھا باس لەدوا پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق کرا و لەسەر بنەماى رەوشی هەنوکەیی پلانی داهاتوو بۆ پتەوکردن و رێکخستنەوەى کار و ئەجێنداى یەکێتی و گۆڕان گفتوگۆى لەبارەوەکرا.
هەروەها باسیش لەرێکەوتنی یەکێتی و گۆڕان کرا و چۆنێتی جێبەجێکردنی ئەو خاڵانەى کەماون و پێویستە جێبەجێ بکرێن و پەیوەستن بەدام و دەزگاکانی حکومەت، هاوکات پێشنیاریش کرا کۆبوونەوەکان بەردەوامییان هەبێت بۆ سەرخستنی تەواوی رێکەوتنەکەى نێوان یەکێتی و گۆڕان کەئەمەش رەنگدانەوەى باشى دەبێت لەسەر هاوپەیمانێتی کوردستان و چۆنێتی چوونە نێو هەڵبژاردنی داهاتووى ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.