بەڵگەنامەیەك كە مێژووەكەی بۆ سەرەتای ساڵانی نەوەتەكانی سەدەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە، دەریدەخات كە ئەدهەم بارزانی ئەندامی پێشووی سەركردایەتی پارتی لەگەڵ ئەو خەتەی پارتیدا نەبووە كە دژایەتی پارتی كرێكارانی كوردستان دەكات.
مێژووی بەڵگەنامەكە بۆ 12ی ئایاری 1993 دەگەڕێتەوە كە تایبەتە بە كۆبوونەوەیەكی نێوان پارتی كرێكارانی كوردستان و حزبوڵای شۆڕشگێری كورد كە ئەدهەم بارزانی پێش چوونە نێو پارتی سەرۆكایەتی دەكرد.
لەو كۆبوونەوەیەدا پەكەكە بە ئامادەبوونی عەبدوڵا ئۆجالان و ئەدهەم بارزانی لەسەر پێنج خاڵ ڕێككەوتوون و داكۆكییان لەسەر پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان لایەنە نیشتمانیی و ئیسلامییەكانی كوردستان كردووەتەوە.
بەپێی بەڵگەنامەكە، عەبدولا ئۆجالان و ئەدهەم بارزانی هاوڕابوون لەسەر ئەوەی گەلی كورد مافی خۆیەتی بە هەموو ڕێگەیەك بەرگری لە خۆی بكات لە نێویشیاندا خەباتی چەكداری.
ئۆجالان و ئەدهەم بارزانی جەختیشیانكردووەتەوە لە باكوور و باشوور خەباتی هاوبەش بكەن.
ئەدهەم بارزانی بە هۆی هەڵوێستەكانی لە دژی لەشكركێشی توركیا و بێدەنگیی پارتی بەرامبەر بە بڕینەوەی دارستانەكانی بادینان لەلایەن سوپای ئەو وڵاتەوە، ڕووبەڕووی هەڕەشەی كوشتن بووەوە و بە ناچاری هەرێمی كوردستانی بەجێهێشت.