دەسەڵاتدارانی پاکستان ڕێگایەکی نوێیان بۆ بەکارهێنانی ڤاکسین لەلایەن هاوڵاتیانی وڵاتەکەیانەوە گرتوەتە بەر، بەو هۆیەوە بڕیاریانداوە هەر کەسێک ژەمەکانی ڤاکسین دژی کۆرۆنا وەرنەگرێت، بەکارهێنانی مۆبایلی لێ قەدەغە دەکرێت.
ڕۆژی هەینی ڕابردو دەسەڵاتدارانی ویلایەتی بنجاب لە پاکستان هەڕەشەی بڕینی تۆڕەکانی پەیوەندی مۆبایل و هاوشێوەکانیان لەو کەسانە کردوە کە ڕەتیدەکەنەوە ڤاکسینی دژە کۆرۆنا لە خۆیان بدەن، لەبەرئەوە پێیانوایە گرتنەبەری ئەو ڕێوشوێنە دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی خەڵکانێکی زۆر ژەمە ڤاکسینەکان بەکاربهێنن و ڕێژەی توشبونەکان بەو پەتایە بەرەو لاوازی بچێت.
شەپۆلی سێیەمی کۆرۆنا لەو وڵاتە چوە قۆناغێکی جێگیرەوە، لەبەرئەوەی کەرەنتین و ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ کاریگەری باشی لەسەر کەمتر بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە هەبووە.
لەلایەکی دیکەوە بەگوێرەی قسەی بەرپرسانی ئەو وڵاتە لاوازییەک لە بەکارهێنانی ڤاکسینەکان بەشێوەیەکی گشتی دەبیندرێت و هاوڵاتیان پێشوازی گەرمیان لە پرۆسەی کوتانەکە نەکردوە، هەربۆیە دەسەڵاتدارانی پاکستان بڕیاری ئەوەیان داوە هەرکەسێک ڤاکسین وەرنەگرێت تۆڕی پەیوەندیی مۆبایلەکەی دەوەستێندرێت و تاکو ئەوکاتەی بڕیاری بەکارهێنانی ڤاکسین دەدات مۆبایلەکەی بە داخراوی دەمێنێتەوە.
حەماد ڕەزای وتەبێژی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی بنجاب دەڵێت “ئەوەی لەئێستادا بوەتە بڕیار سەرەتا تەنها پێشنیارێک بو، بەڵام کاتێک بینیمان خەڵکانێکی زۆر بەردەوامن لە پشتگوێخستنی ڤاکسینەکان، خستمانە بواری جێبەجێکردنەوە”.
ژمارەی دانیشتوانی پاکستان نزیکەی 220 ملیۆن کەسن، تائێستا نزیکەی 10.5 ملیۆن ژەمە ڤاکسین لەو وڵاتە بەکارهێندراوە کە زۆربەیان دروستکراوی چینە.
لەلایەکی دیکەوە سەلمان حەسیبی سەرۆکی یەکێتی پزیشکانی لاو لە پاکستان بۆ ئاژانسی فرانس پرێس وتویەتی “ئاستی زانست و زانیاری لە وڵاتەکەماندا ڕوی لە لاوازبون کردوە و هەندێک لە خەڵکیش پڕوپاگەندە بۆ زانیاری ناڕاست دەکەن و بڵاویدەکەنەوە”.
وەک پشتگیرییەکیش بۆ ئەوەی خەڵکانێکی زۆر ژەمەکانی ڤاکسین بەکاربهێنن، دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە ڕێگەیان بەو کەسانە داوە بچنە هۆڵەکانی سینەما و بۆنە ئاینییەکان ئەنجام بدەن کە ڤاکسینی دژە کۆرۆنایان بەکارهێناوە.