ئەندامێكی وەفدەكەی پەرلەمانی كوردستان كە سەردانی ناوچە سنورییەكانی پارێزگای دهۆكیان كردوە رایدەگەیەنێت: سوپای توركیا تەواو لەناو خاكی هەرێمی كوردستاندایەو لەسەنگەرەكانی پێشمەرگەوە نزیكن و ئەو ناوچەیەشی كە پێشمەرگەكانی لێ شەهید بووە لەزنجیرە چیاكانی مەتینایە كە بەتەواوی لەلایەن توركیاوە داگیركراوە، ئەو ناوچانەشی دارو درەختەكاتی بڕاوەتەوە لەژێر دەسەڵاتی سوپای توركیایە.
شنۆ ئەشقی ئەندامی وەفدەكەی پەرلەمانی كوردستان لەبارەی سەردانەكەیان بۆ سنوری پارێزگای دهۆك بە ماڵپەری فەرمی یەكێتیی راگەیاند: سوپای توركیا تەواو لەناو خاكی هەرێمی كوردستاندایەو لەسەنگەرەكانی پێشمەرگەوە نزیكن، بەشێوەیەك لەنێوان سەنگەرەكانی پێشمەرگەو سوپای توركیاشدا گوندنیشنی تێدایە، بەشێكی زۆری گوندەكان چۆڵكراون و ئەو گوندانەشی خەڵكەكەی تێدا ماوەتەوە وتیان ئەگەر شەهیدیش بكرێین ئامادە نین گوندەكانمان چۆڵ بكەین.
لەبارەی سەردانیكردنی ئەو شوێنەشی كە ژمارەیەك پێشمەرگەی لێ شەهید بوو، دەڵێت: زنجیرە چیاكانی مەتینا لەسنوری دهۆك بەتەواوی لەلایەن توركیاوە داگیركراوە، ئەو پێشمەرگانەی لەچەند رۆژی رابردودا لەو ناوچەی شەهید بوون دیار نیە لەلایەن كێوە شەهید كراون، چونكە سەنگەرەكانی پێشمەرگە بەرامبەر رەبیەكانی توركیایە.
وتیشی: لەوێ پرسیارمان لەفەرماندەكانی هێزی پێشمەرگە كرد كە چۆن دەیسەلمێنن پێشمەرگەكان لەلایەن توركیاوە یان پەكەكەوە شەهید كراون، تەنها وەڵامیان ئەوەبوو كە ئەوە زانیاری هەواڵگرییە.
لەبارەی بڕینەوەی دارو درەختی ناوچەكە لەلایەن سوپای توركیاوە وتی: هێزی پێشمەرگە كە لەو سنورانە جێگیركراوە پێیانوتین كە نابێت زیاتر بڕۆین، چونكە ئەو ناوچانەی دارو درەختەكاتی بڕاوەتەوە لەژێر دەسەڵاتی سوپای توركیایە، بۆیە لەسنوری پارێزگای دهۆك تا دوا خاڵی سەنگەری پێشمەرگە رۆشتین.
ئەو ئەندامەی وەفدەكەی پەرلەمان باسی لەوەشكرد: لەگەڵ بەشێك لەموختاری ئەو گوندانەدا كۆبونەتەوە كە گوندەكانیان جێهێشتوە، ئەوان زۆر نیگەران بوون لەحكومەتی هەرێم و ناوەندیش، دەیانوت هیچ كەس و لایەنێك ئاوڕیان لێناداتەوە، باسیان لەوەكرد كە تەنها دارەكانیان نەبڕاوەتەوە، بەڵكو گوندەكانیشیان لەلایەن سوپای توركیاوە داگیركراوەو مەڕوماڵات و سامان و ماڵەكانیان تاڵان كراوەو سوتێنراوەو سوپای توركیا دەیكات بەسەربازگە.
راشیگەیاند: موختاری گوندەكان ئەوەشیان پێوتین كە ئەو كەسانەی لە دوای ساڵی 1991ەوە بەهۆی بۆردومانەكانی توركیاوە شەهید بوون لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە وەك شەهید هەژمار نەكراون و مووچەیان بۆ نەبڕاوەتەوە، ئەوانەشی بریندار بوون یاخود زیانیان بەركەوتوە قەرەبوو نەكراونەتەوە.
وەفدەكەی پەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ بەدواداچون و لەنزیكەوە ئاگادار بوون لەگرژییەكانی سنوری پارێزگای دهۆك سەردانی ناوچە سنورییەكانی ئەو پارێزگایەیان كرد بەتایبەت دۆخی ئەو ناوچە سنوریانەی لەلایەن سوپای توركیاوە بە بەردەوامی بۆردومان دەكرێت، وەفدەكە لەگەڵ پارێزگاری دهۆك و هەریەك لە قائیمقامی قەزای زاخۆ و بەڕێوەبەری ناحیەی دەركاو هێزی پاسەوانی سنوورو بەڕێوەبەری ناحیەی باتیفا و ژمارەیەك لە كەسایەتی و موختار و جوتیارانی ناوچەكەو بەڕێوەبەری ناحیەی كانی ماسێ و موختارو گوندنشینانی سنووری ناحیەكەو لیوای چواری هێزی پێشمەرگەی كوردستان كۆبونەتەوە.