نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ئیمارات لەگەڵ باڵیۆزی عێراق کۆبووەوە، لە کۆبووەنەوەکەدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان ده‌ستخۆشیی له‌ باڵیۆز و ستافی باڵیۆزخانه‌ کرد بۆ کار و هه‌وڵه‌کانیان له‌پێناو بره‌ودانی زیاتر به‌ په‌یوه‌ندییه‌کان و هیوای سه‌رکه‌وتنی بۆ خواستن.
 
 
ئەمڕۆ شەممە 12-06-2021 سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دووەم رۆژی گەشتەکەیدا بۆ ئەبو زەبی سەردانی باڵیۆزخانەی عێراقی کرد. بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا په‌یوه‌ندییه‌‌کانی عێراق و ئیمارات و دۆخ و کاروباره‌کانی ره‌وه‌ندی عێراقیان له‌ ئیمارات تاوتوێ کرد و جه‌ختیان له‌ گرنگیی په‌ره‌پێدانی بواره‌کانی هاوبه‌شی و هاریکاریی نێوان هه‌ردوو وڵات کرده‌وه‌.
 
 
هەر بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، موزه‌فه‌ر ئه‌لجبووری، باڵیۆزی عێراق و ستافی باڵیۆزخانه‌، خۆشحاڵیی خۆیان به‌ سه‌ردان و به‌سه‌رکردنه‌وه‌یان لەلایەن نێچیرڤان بارزانی بۆ باڵیۆزخانه‌کە ده‌ربڕی.
 
 
بڕیارە ئەمڕۆ کاژێر 16:00 خولەک بە کاتی هەولێر سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ئەبوزەبیی ئیمارات لەگەڵ محەممەد بن زاید ئالنەهیان، جێنشینی ئەبوزەبی و جێگری فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئیمارات کۆببێتەوە.
 
 
رۆژی هەینی 11-6-2021 نێچیرڤان بارزانی بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئەبوزەبیی ئیمارات و لە فڕۆکەخانەی بەتین بە دانانی ئاڵای کوردستان لەلایەن هەر یەک لە ئەحمەد عەلی ئەلسایخ، وەزیری دەوڵەت و موزهەر جبووری، باڵیۆزی عێراق و کۆنسوڵی گشتیی ئیمارات لە هەرێمی کوردستان پێشوازیی لێکرا.