زوهره دوومان یه‌كێكه له بووكه‌كانی تری رێكخراوی تیرۆرستیی داعش و سزای حه‌وت ساڵ زیندانیی به‌سه‌ردا سه‌پێندرا، به‌ڵام توركیا دوای دوو مانگ له تێپه‌ڕبوونی سزاكه ئازادی كرد.
تۆڕی ئه‌ی بی سی نیوزی ئه‌مریكا بڵاویكرده‌وه كه زوهره به ره‌چه‌ڵه‌ك ئوسترالییه، دوای ئه‌وه‌ی چووه‌ته ناو تیرۆرستانی داعش و ده‌ستگیركرا، ئێستا ئازاده و له توركیا ژیانێكی تازه‌ی له‌گه‌ڵ دوو منداڵه‌كه‌یدا ده‌ستپێكردووه.
ساڵی 2014 زوهره له ته‌مه‌نی 19 ساڵیدا خێزانه‌كه‌ی له ملبۆرنی ئوسترالیا به‌جێهێشت و په‌یوه‌ندیی به تیرۆرستانی داعش له سوریا كرد و له‌وێ شووی به تیرۆرستێك به‌ناوی مه‌حمود عه‌بدوله‌تیفه‌وه كرد كه له رێگه‌ی ئینته‌رنێته‌وه یه‌كتریان ناسی بوو.
له سوریا ئه‌م كچه ئوسترالییه بووه چه‌كدار و چه‌ندین جار به چه‌كه‌وه له‌سه‌ر بۆنیدی ئۆتۆمبیله گرانبه‌هاكان ده‌ركه‌وت كه تیرۆرستان دزی بوویان، دوای مردنی عه‌بدوله‌تیفی مێری له گورزێكی ئاسمانیی فڕۆكه‌كانی ئه‌مریكا زوهره دوو شووی تری له‌گه‌ڵ تیرۆرستانی داعشدا كرد و یه‌كی منداڵێكی لێ بوون و دواتری ئه‌و دوو تیرۆرسته كوژران.
ساڵی 2019 له‌دوای كه‌وتنی داعش زوهره له‌گه‌ڵ 70 هه‌زار په‌نابه‌ری تردا خراپه كه‌مپێكی په‌نابران و پاشان ئه‌و كچه به‌ره‌و سنووری توركیا رایكرد، توركیا ده‌ستگیری كرد و دوای دادگاییكردنی به نزیكه‌ی حه‌وت ساڵ زیندانی سزادرا، به‌ڵام دوای دوو مانگ له به‌سه‌ربردنی زیندان، ئێستا ده‌وترێت ئازاده و له توركیا ژیان به‌سه‌ر ده‌بات.