بەرپرسێكی پارتی لە هەولێر 20 سەر مەڕوماڵاتی هاووڵاتییەك دەكوژێت و 13 سەری دیكەش بە ئۆتۆمبێلێكی سەربازیی دەبات، خاوەنی مەڕوماڵاتەكەش دەڵێت حكومەت نەیەتە دەنگ خۆمان دەزانین چۆن مافی خۆمان بستێنین.
ئەو هاووڵاتییە كە دانیشتووی گوندێكی نزیك هەولێرن لەسەر ڕێگەی هاوینەهەواری پیرمام ڕایگەیاند ئەمڕۆ لە كاتی لەوەڕاندنی ئاژەڵەكانماندا بەرپرسێكی پارتی خۆی و پاسەوانەكانی هاتن تەقەیان لێ كردین.
وتیشی، 20 سەر ئاژەڵمان بە تەقەی بەرپرسەكەی پارتی كوژرا و 13ی دیكەشیان بە ئۆتۆمبێلی سەربازیی برد.
خاوەنی مەڕوماڵاتەكان كە چەكی هەڵگرتبوو لە لێدوانێكیدا بۆ كەناڵی ئێن ئاڕ تی ڕایگەیاند حكومەتیان لە دەستدرێژییەكەی ئاگادار كردووەتەوە، ئەگەر حكومەت نەیەتە دەنگ ئەوا خۆمان مافی خۆمان لەو بەرپرسەی پارتی دەستێنین، چونكە دەزانین بایی چەندە.