سەرۆکی لیژنەی پیشەسازیی و وزە لە ئەنجومەنی پاێزگای سلێمانی ئاشکرای دەکات، لە دەروازەکان چەند کۆمپانیایەکی سەرانە وەردەگرن و بە بەرتیل بەنزینی خراپ هاوردەمدەکەن و دەشڵێت: بەهۆی هاوبەشی حزب و دەسەڵات و بەرپرسانی ئاستی باڵا لەگەڵ ئەو کۆمپانیا قۆرخکارانەدا بەنزین هەرزان نابێت.

لەپاڵ گرانیی بازاڕ و چەندین قەیرانی دەستکردی ئابووریی و خراپی دۆخی گوزەرانی خەڵک بەهۆی لێبڕین و دواکەوتنی مووچەوە، چەند ڕۆژێکە بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی بەنزین و سوتەمەنی باری هاوڵاتییانی زیاتر گران کردووە و ناڕەزایەتی و نیگەرانی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، لەم بارەیەوە.

لەبارەی هۆکارەکانی گرانبوونی سوتەمەنییەوە، کەریم عەلی، سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایگه‌یاند:” هۆکاری سەرەکی گرانبوونی بەنزین، قۆرخکاریی چەند کۆمپانیایەکی سەربە دەسەڵاتە، کە دەستیان گرتووە بەسەر ئەو کەرتەدا، هاوکات ڕێنماییەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هاوکارە بۆ قۆرخکاریی ئەو کۆمپانیایانە، هۆکارێکی دیکەش کۆمەڵێک باج و خەراجی زۆرە، کە حکومەتی هەرێم خستوویەتییە سەر هاوردەکردنی بەنزین و داهاتەکەشی نازانرێت چی لێدێت”.

بەنزینخانە
بەنزینخانە

لەبارەی باجەکانەوە وتی:” بۆ هەر تۆنێک بەنزین بڕی حەوت دۆلار دانراوە بە ناوی ڕێگا و بانەوە، تەنها باجی پارێزگای سلێمانی ساڵانە نزیکەی ١٣ملیۆن دۆلار دەکات، کە یەک دیناری دیار نییە تا ئێستا”.

دەشڵێت: “لە دەروازە سنورییەکان کۆمەڵێک کۆمپانیای مشەخۆری بێکەڵک کە تەنها زەرەریان هەیە بۆ خەڵک، دانیشتوون بە ناوی جۆراوجۆرەوە پارە وەردەگرن وەک سەرانە، ئەمانەش وەک بارگرانی دەچنە سەر نرخی سوتەمەنی، کە حکومەت خۆی دەتوانێت ئەم بابەتانە چارەسەربکات”.

باسی لەوەشکرد، بەپێی ڕێنمایی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، بەنزینی ئۆکتان ٩٣ نابێت هاوردەی هەرێم بکرێت، بەڵام بەهۆی قۆرخکاریی کۆمپانیاکانەوە ئۆکتانی خوار ٩٠یش هاوردە دەکرێت، بەپێی ڕێنماییەکی دیکە هەر بەنزینێک ئۆکتان سەرووی ٩٧بێت، نابێت پشکنینی بۆبکرێت لە دەروازەکان و دەبێت ڕاستەوخۆ بچێتە وەزارەت، ئەمەش وایکردووە بەنزینی خراپ و ئۆکتان نزم بە بەرتیلی ١٠٠دۆلار بۆ هەر تەنێک بە کۆمپانیاکانی دەروازە سنورییەکان بەناوی ئەم ڕێنماییەوە هاوردەبکرێت بەبێ پشکنین.

سەرۆکی لیژنەی پیشەسازیی وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، بە دوری زانی نرخی بەنزین هەرزان ببێت، بەهۆی هاوبەشی حزب و دەسەڵات و بەرپرسانی ئاستی باڵا لەگەڵ ئەو کۆمپانیا قۆرخکارانەدا و وتی: هیچ هەوڵێک نییە بۆ دابەزاندنی نرخی بەنزین، تەنانەت ئەو هەوڵانەشی ئێمە دەیدەین ئاستەنگ دەکرێت، ئێمە لە کۆبوونەوەی لیژنەکەمان هەموو شتێکمان خستەڕوو، بانگهێشتی پارێزگاری سلێمانیشمان کرد، تەنانەت ناوی هەموو کۆمپانیاکانمان خستە بەردەستیان، بەڵام لە بری بەدواداچوون هەواڵی ناو کۆبوونەوەکە دراوە بە کۆمپانیاکان و بۆ وەستاندنمان پەیوەندییمان پێوەدەکەن.

ئێستا، لە بەنزینخانەکانی پارێزگای سلێمانی بەنزینی نۆرماڵ ٧٠٠ دینار، محسەن ٧٥٠ و سوپەر ٨٥٠ دینارە.