ئەندامێكی لیژنەی هاوبەشەكەی هەردوو پەرلەمانی كوردستان و عێراق ئاشكرای دەكات كە توركیا دەستیكردووە بە تاڵانكردنی ماڵ و سامانی گوندنشینانی ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان.

ئەمڕۆ شنۆ ئەشقی پەلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی ڕاگەیەندراوێكی دەربارەی ئەنجامی سەردانەكەی ئەمدواییەیان بۆ ئەو ناوچە سنوورییانە بڵاوكردەوە، كە لەلایەن سوپای توركیاوە كراونەتە ئامانج.

پەرلەمانتارەكە ئاشكرای كرد كە سوپای توركیا سەرباری بۆردومان و بڕینەوەی دارستانەكان دەستیكردووە بە تاڵانكردنی ماڵ و سامانی گوندنشینانی ناوچەكە.

دەقی ڕاگەیەندراوەكەی پەرلەمانتار شنۆ ئەشقی:
رۆژی سێشەمە ٨/٦/٢٠٢١ شاندێکی هاوبەشی پەرلەمانی کوردستان و  ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق  سەردانی پارێزگای دھۆکمان کرد بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ دۆخی ئەو دەڤەرانەی سەر سنوور کە لە لایەن سوپای تورکیا بەبەر دەوامی بۆردومان دەکرێ.

لەو سەردانەدا لەگەل بەرێز پارێزگاری دھۆک و ،ھەریەک لە قائیمقامی قەزای  زاخۆ وبەرێوەبەری ناحیەی دەرکار، و ھێزی پاسەوانی سنووری شەرانش و بەرێوەبەری ناحیەی باتیفا و ژمارەیەک لە کەسایەتی و موختار وجوتیارانی دەڤەرەکە گفتوگۆمان کرد سەبارەت بەو زەرەرو زیانانەی بەر ئەو سنوورە کەوتوە.

لە ئێستادا بەهۆی ئەوەی سوپای تورکیا بەدرێژایی ١٠-١٥کم لە دواخاڵی سەنگەری پێشمەرگەوە دوورە، هەڵمەتێکی فراوانی سوتاندن و بڕینەوەی دارو درەخت و تاڵان کردنی ماڵ و سامانی گوندنشینانی دەستپێکردووە تەنها لەم مانگەدا دەیان گوندو دێهات زێدی خۆیان بەجێ هێشتووە لەبارودۆخێکی ناهەموارو پڕ لەمەترسی و دڵەڕاوکێ دا دەژین.

دواتر لەگەل بەرێوەبەری ناحیەیی کانی ماسێ وموختار و گوندنشینانی سنووری ناحیەکە و لیوای چواری ھێزی پێشمەرگەی کوردستان کۆبوینەوە، سەرجەم گلەیی وگازەندەو داواکاری هاوڵاتیانمان یاداشت کردووە لەداهاتوێکی نزیک ئاڕاستەی حکومەت و لایەنی پەیوەندیداری دەکەین.

شنۆ ئەشقی سورچی
پەرلەمانتاری یەکێتی
2021/06/11