ماڵپەڕی فارس نیوزی ئێرانی بڵاویکردەوە، کچە گەورەی قاسم سولەیمانی فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی شارەوانی شاری تارانی پایتەخت کاندیدکردووە.
ماڵپەڕی فارس نیوز ئاشکرایکرد، نێرگس سولەیمانی کچە گەورەی قاسم سولەیمانی خۆی وەک کاندیدی لیستی هاوپەیمانی هێزەکانی شۆڕشی ئێران تۆمارکردووە.
ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوەشداوە، شارەوانی تاران لە ٢١ ئەندام پێکهاتووە و نێرگس قاسم سولەیمانی یەکێکە لە کاندیدەکان.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە رێککەوتی ١٨ی حوزەیرانی ئەمساڵ، لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێران هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بەڕێوەدەچێت.
قاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپای قودسی ئێران یەکێکبوو لە کەسایەتییە سەربازی و سیاسییەکانی ئێران کە ماوەی چەند ساڵێک لە رووداوە سیاسی و سەربازییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کاریگەری هەبوو.
لە رێککەوتی ٣ی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٠ لە بۆردومانێکى فڕۆکەکانی ئەمریکادا لە فڕۆکەخانەی بەغدا کوژرا.