بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند، تاوەکو ئەمڕۆ کاندیدی یەکێتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بەرهەم ئەحمەد ساڵحە.
بافڵ تاڵەبانی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی لەگەڵ کەناڵی شەرقییە کە ئێوارەى سبەینێ پێنجشەممە پەخش دەکرێت دەڵێت، “بەرهەم ساڵح توانیویەتی لە دۆخێکی زۆر قورسدا خزمەتی ئەم میللەتە بکات، بۆیە تائێستا کاندیدی ئێمەیە بۆ ئەو پۆستە.”
وتیشی، یەکێتی بە هێزەوە لە بەغدا ئامادە دەبێت، هێشتا زۆر زووە بۆ قسەکردنی لەسەر هاوپەیمانێتی بۆ هەڵبژاردنەکان، “ئێمە لە کوردستان لێکتێگەیشتنمان هەیە لەگەڵ هەندێک لایەن، بەڵام دژی هیچ لایەنێک نییە و پێمان وایە دەبێت کورد لەم قۆناغەدا یەکگرتوو و یەک هەڵوێست بێت.”
لەبارەى سەردانەکە بۆ بەغدا، بافڵ تاڵەبانی وتی، “ئێمە لەگەڵ برادەرەکانی خۆمان زۆر شتمان باس کرد، بە دڵنیاییەوە باسی هەڵبژاردنەکانمان کرد، گەلی کورد داوای هەڵبژاردنی نەکردووە بەڵام ئامادەین بۆی، تەنانەت یەکێتی بڕوای وایە کە دەبێت لەم کاتەی ئێستادا هەڵبژاردن بکرێت.”
“پێمان وایە دەبێت هەڵبژاردنەکان لە کەشێکی سەقامگیر و ئاسایشدا ئەنجام بدرێت، دور لە هەموو دەستێوەردانێک، پێمان باشە لایەنێکی وەک نەتەوە یەکگرتووەکان سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکان بکات، بەڵام سەروەری عێراق زۆر گرنگە بۆ ئێمە و پێمان وایە دەبێت دۆسیەی هەڵبژاردنەکان لە دەستی خۆماندا بێت.”
بافڵ تاڵەبانی ڕاشیگەیاند، هیوادارین هەڵبژاردنەکان سەرکەوتوو بن و هەروەها “حکومەتێکی باشتر پێکبهێنرێت کە لەوەى ئێستا زیاتر خزمەتگوزارتر بێت.”