ئەنجومەنی وەزیرانی ئێران رەزامەندی دەربڕی لەسەر لابردنی ڤیزا بۆ گەشتیارانی عێراق بۆماوەی ٤٥ رۆژ و بۆ لابردنی ڤیزاش؛ مەرجی هەیە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی ئێران بڵاویکردەوە، رەزامەندیان لەسەر لیستێک رێنمایی دەربڕیوە، کە بۆماوەی ٤٥ رۆژ ڤیزا لەسەر گەشتیارانی عێراق هەڵبگیرێت، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕێندراوەتەوە، کە گەشتیارانی ئێرانی بە ئاسانی بتوانن گەشتیەکانیان بۆ “شوێنە پیرۆزەکانی” عێراق ئەنجام بدەن.
 
ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوەکردووە، لەبەرامبەردا، حکومەتی ئێران مەرجی داناوە بەوەی حکومەتی عێراقیش ڤیزای سەر گەشتیارانی ئێرانی لاببات.
 
ئەمە لەکاتێکدایە، لەماوەی رابردوودا هەردوو حکومەتی عێراق و ئێران چەندین جار هەوڵیانداوە پێدانی ڤیزا بە گەشتیارانی هەردوو وڵات لاببەن و هاوڵاتیانیان بتوانن بێ ڤیزا گەشتەکانیان بۆ ئەو دوو وڵاتە ئەنجام بدەن.