جارێكی دیكە پلەكانی گەرما لە هەرێمی كوردستان ڕوو لە دابەزین دەكەنەوە و شارەزایەكی كەشناسی دەڵێت: “كاریگەری شەپۆلی هەوای فێنك تا ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو درێژ دەبێتەوە”.
ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی ئاماژەی بەوەكرد، لە ئەنجامی بەردەوامی كاریگەریەكانی بارستە ھەوای فێنك لەسەر ناوچەكانی ھەرێم سبەی پێنج شەممە ١٠-٦-٢٠٢١ ئاسمان ساماڵ ئەبێت و پلەكانی گەرما جارێكی دیكە بەڕێژەی ١ تا ٢ پلەی سیلیزی ڕوو لەنزمبوونەوە دەكەنەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، لەسەنتەری پارێزگاكان لەنێوان ٣٤ بۆ ٣٧ پلە ئەبێت لەناوچەكانی گەرمیان نزمدەبێتەوە بۆ نێوان ٣٨ تا ٤٠ پلەی سیلیزی ، خێرایی ئاڕاستە بای رۆژئاوا چالاكی كەم بۆ مامناوەندی ئەبێت بە خێرای ١٥-٢٥كم/س.
وتیشی، “لەماوەی پێشوودا ڕامانگەیاند، كە تا ڕۆژی ھەینی ١١-٦ كاریگەری ئەم بارستە ھەوا فێنكە بەردەوامی ئەبێت لە ئێستادا لەگەڵ دواین زانیارییەكان خۆشبەختانە تا ڕۆژی دوو شەممە ١٤-٦-٢٠٢١ وادەی كاریگەری ئەو بارستە ھەوا فێنكە درێژبۆتەوە”.
ئاراس جەبار پێشبینی ئەوەش دەكات، “ئەم كەشە فێنكە ئەگەر ھەیە كاریگەریەكانی زیاتر بمێنێتەوە لەسەر ناوچەكە بەم شێوەیە پلەكانی گەرما تا ڕۆژی دوو شەممە لە تێكڕای ئاسایی خۆی یان ژێر تێكڕای ئاسایی ئەمێنێتەوە و بەرزبوونەوە بە خۆیەوە نابینێت”.