ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لەگەڵ پارێزگار و بەڕێوەبەری فەرمانگەكانی نەوت و كانزاكانی سلێمانی و گەرمیان كۆبووەوە و بڕیاریاندا چەند ڕێكارێك بگرنەبەر لەڕێگەی پەڕلەمان و حكومەتەوە بۆ هەرزان كردنەوەی نرخی بەنزین و سووتەمەنی.

دیمەن ڕەزا، ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكانی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی  ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لیژنەكەیان و سەرۆكایەتی ئەنجوومەن لەگەڵ پارێزگار و هەردوو فەرمانگەی نەوت و كانزاكانی سلێمانی و گەرمیان كۆبوونەوە دەربارەی گرانی نرخی بەنزین و هۆكارەكان و ڕێگاچارەسەرەكان.

ڕاشیگەیاند، دوو هۆكار بۆ گرانی نرخی بەنزین هەیە، كە یەكێكیان دەرەكییە و ئەوی دیكەیان ناوخۆییە، گفتوگۆمان لەسەر ئەوەكرد، كە هۆكاری دەرەكی گران بوونی بەنزین لەدەسەڵاتی ئێمەدا نییە، بەڵام هەنگاو هەڵبنێن بۆ چارەسەركردنی هۆكارە ناوخۆییەكان.

ئاشكراشی كرد، هۆكاری دەرەكی گران بوونی بەنزین پەیوەندی بەوەوە هەیە، كە بەنزین بۆ هەرێم لە دەرەوە و بەتایبەت لە ئێرانەوە دێت و لەوێش دوو هۆكار بۆتە هۆی گرانكردنی، كە پەیوەندی بە بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار هەیە و هەروەها زۆربوونی خواست لەسەر سووتەمەنی لەو وڵاتانەی، كە ڕێكارەكانی كۆرۆنا بەرەو كەمبوونەوە دەچێت و جووڵەی ئابووری دەستی پێكردۆتەوە، بۆیە ئەوانە هۆكاری سەرەكیین بۆ گران بوونی بەنزین.

سەبارەت بە هۆكارە ناوخۆییەكانی گران بوونی بەنزین ئەو ئەندامەی ئەنجوومەن وتی، “ئەو بەنزین و سووتەمەنییە، كە لە سنوور داخڵ دەبێت 6 بۆ 7 جۆر پارە وەرگرتن و باج دەخرێتە سەری، كە لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەكانەوە دانراوە و بەوەش نرخی زیاتر دەكەوێت”.

سەبارەت بە ڕێگا چارەسەرەكییەكانی هەرزان كردنی بەنزین وتیشی، “هەماهەنگیمان پێكەوە دروست كردووە تا لەگەڵ پەڕلەمان و حكومەت گفتوگۆ بكەین تاوەكو بەڕێنماییەكاندا بچنەوە و هەموو جۆرە باجێك لەسەر سووتەمەنی لاببرێت و تەنها باجی پشكنینی كوالێتی بمێنێتەوە و بەوەش دەبێتە هۆی هەرزان كردنی بەنزین”.

دیمەن ڕەزا ئاشكراشی كرد، پارێزگار بڕیاری داوە لیژنەكانی پشكنین كارابكاتەوە و لیژنەیەكی دیكەی باڵاش دروست بكات بۆ پشكنینی كوالێی بەنزین، كە لە داخڵ بوونەوە تاوەكو گۆڕەپانەكان و بەنزینخانە و ئۆتۆمبێلی هاووڵاتیان پشكنینی بۆ بكات.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شۆفێران لە سلێمانی لە بەردەم باڵەخانەی پارێزگای سلێمانی خۆپیشاندانیان دژی گرانی نرخی بەنزین ئەنجامدا و شەقامی سەرەكی دەروازەی سلێمانیان داخست.