دوای کۆبوونەوەیان لە هەولێر، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و دۆمەنیک راب، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان ئاشکرا کرد.

لە سەرەتای کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەدا نێچیرڤان بارزانی وتی: “لە کۆبوونەوەکەماندا چەند بابەتێکمان باس کرد، لەوانە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ بەریتانیا. هەروەها کێشەکانی هەولێر و بەغدا و هەوڵەکانی چارەسەرکردنیان، و شەڕی تیرۆر و مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوە و بەهێزبوونەوەی داعش، و هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق و دۆخی ناوچەکە بە گشتی، بابەتی سەرەکی کۆبوونەوەکەمان بوو”.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان وتیشی: “پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بەریتانیا بەرز دەنرخێنین و سوپاسی پشتگیری بەردەوامی بەریتانیا دەکەین، هاوبەشی گەلی کوردستان لەگەڵ بەریتانیا 30 ساڵ بەر لە ئێستا لە چیاکانەوە دەستیپێکرد، لە نیسانی 1991 بەریتانیا لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ئەندام لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری 688 یان دەرکرد، بەریتانیا لەگەڵ هاوبەشەکانی دیکەمان رۆڵێکی سەرەکی هەبوو لە کۆکردنەوە و پشتگیری نێودەوڵەتی بۆ دامەزراندنی نەوای ئارام و ناوچەی دژەفڕین، کە ئەو هەنگاوە بۆ هەرێمی کوردستان دەستپێکی سەرەتایەکی نوێ بوو، لەوساوە تائێستا پەیوەندییمان لەگەڵ بەریتانیا لە هەموو قۆناغەکان بەردەوام بووە و هاوبەشیمان لە شەڕی داعش بەرفراوانتر بوو، سوپاسی بەریتانیا و وڵاتانی دیکەی ئەندام لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش دەکەین”.

دۆمەنیک راب، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانیەکەدا وتی: “ئامانجی سەردانەکەم رەنگدانەوەی گرنگی هەرێمی کوردستان و ئەو پەیوەندییە مێژووییەیە کە لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا هەیە، ئێمە خۆشحاڵین بەو پەیوەندییە و وەک بەریتانیا پابەندین بە پاراستنی ئەم هەرێمە”.

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، ئاماژەی بەوەشدا: “دەبینین لە کۆمەڵێک رێگەی جیاوازەوە ناوچەکە رووبەڕووی ئاڵنگاری دەبێتەوە، بەڵام سەقامگیری و دابینکردنی ئاسایش زۆر گرنگە”.

دۆمەنیک راب، راشیگەیاند: “رۆڵی هەرێمی کوردستان لە شەڕی داعش بەرز دەنرخێنین، ئەو قوربانییەی هەرێمی کوردستان و پێشمەرگە داویانە مایەی شانازییەکی گەورەیە. لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرۆکی هەرێم کۆمەڵێک بابەتی باشمان تاوتوێکردووە، هەردوولا کۆمەڵێک بەرژەوندی هاوبەشمان هەیە. سەقامگیری هەرێمی کوردستان و عێراق یەکێکە لە ئامانجەکانی ئێمە و پێیەوە پابەندین، لە رووی ئابوورییەوە گفتوگۆی باشمان کردووە، دەکرێ هەماهەنگی باشمان هەبێت. هەروەها لەسەر بابەتی رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە ئـێمە رۆڵی خۆمان دەبینین، دەمانەوێت هێزێکی مۆدێرن لە هەرێمی کوردستان دروست بکرێت، خۆشحاڵم کە بەریتانیا پارە بۆ رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە دابین دەکات، کە چەند قۆناغێکە و دەستیپێکردووە، ئێمە پابەندین بە پشتیوانی لە ئاسایش و ئازادی لە هەرێمی کوردستان، یەکێک لەو خاڵانەی پاڵپشتی دەکەین ئازادی میدیاییە”.

ئەوەشی خستەڕوو: “ئێمە سوپاسی هەرێمی کوردستان دەکەین کە رۆڵی گرنگی بینیوە لە گرتنەخۆی ئاوارەکان، دەمانەوێت لە بوارەکانی پەروردە، تەندروستی، خوێندنی باڵا و گۆڕانکاری کەشوهەوا هەماهەنگیمان هەبێت”.

هەر لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەدا وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، بانگهێشتی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ وڵاتەکەی و گوتی: “هیوادارم لە ئایندەیەکی نزیک لە لەندەن یەکتر ببینینەوە”.